"هیوا میرزا سابیر" لە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەكگرتو كشایەوە
  2019-12-27       1856       

هیوا میرزا سابیر، سکرتێرى پێشوترى مەکتەبى سیاسى یەکگرتوى ئیسلامى، رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لەمیانی كۆبونەوەیدا لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامیدا بڕیاری داوە لە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەكگرتو لەكۆنگرەی هەشتەمی حزبەكەیدا، بكشێتەوە ئەوەش بە پاساوی ئەوەی بەرنامەی هەردولایان چونیەك و هاوئاڕاستەیە.

ئاوێنە: بڕیارە سبەی شەممە هەشتەمین كۆنگرەی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە شاری هەولێر بە بەشداری 900 ئەندامی كۆنگرە دەست بەكارەكانی بكات و دوای كشانەوەی هیوا میرزا سابیر، تا ئێستا تەنها دو كاندید بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی ماونەتەوە كە ئەوانیش پێكدێن لە سەڵاحەدین بەهادین و ئەبوبەكر كاروانی.

هیوا میرزا سابیر لە بەیاننامەیەكدا كە ئاڕاستەی ئەندامانی كۆنگرەی هەشتەمی حزبەكەی كردوە، رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین كۆبونەتەوەو تاوتوێی چۆنیەتی بەرنامەڕێژی و نەخشەی ئایندەی یەکگرتویان لەژێر ڕۆشنایی ئەو ڕەشنوسەدا كردوە كە بۆ كۆنگرە ئامادەکراوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەسەر داوای کۆمەڵێک لەخوشکان و برایانی هاوکارمان گەیشتینە ئەوەی کە ئامانج و مەبەست و بەرنامەی هەردوکمان  و زۆرینەی هەرە زۆری یەکگرتوەکان چونیەکەو هاوئاڕاستەیەو پێویستی بە پاڵپشتی هەمومانە.

وتوشیەتی"بۆ ئەو مەبەستەو لە پێناو سەرخستنی باشتری کۆنگرەدا لەڕوانگەی هاوبهشى و هاوئاڕاستەیى پڕوژه كانمان و هاوڕابوونمان لەسەر ئەولەوياتى قوناغى داهاتومان، بڕیارماندا و پێکهاتین لەسەر: 1. ئەو نەخشەڕێگایەی بەندە کە ئاڕاستەی ئەندامانی کۆنگرەم کردوە دەسپێرم بە مامۆستا سەڵاحەدین بۆ ئەوەی لەگەڵ پڕۆژەکەی خۆی لەخولی داهاتودا بەپشتیوانی خوا بە ڕاوێژ پێکەوەو بەهاوکاری هەمومان تەواوی دەکەین و هەوڵ دەدەین بۆ پیادەکردن وجێبەجێکردنی. ۲_پاڵاوتنی خۆم بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتو لەم خولەدا دەکشێنمەوە."

وێڕای ئەوەش هیوا میرزا سابیر پشتیوانی خۆی بۆ سەڵاحەدین بەهادین و پڕۆژەکەی راگەیاندوە .

رۆژی یەكشەممەی رابردو 22 /12 هیوا میرزا سابیر بەڕەسمی كاندیدكردنی خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی حزبەكەی لە كۆنگرەی یەكگرتودا راگەیاندبو.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×