وەزیری بازرگانی ھەرێم: ھەتا چوار مانگی داھاتوو پێویستمان بە ھیچ خۆراکێک نابێت
  2020-03-14       676       
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم: ''ھەر کەسێک دەست بۆ قۆرخکاری ببات، بە توندترین شێوە لەلایەن تیمەکانی چاودێری بازرگانییەوە سزا دەدرێن''.

ئاوێنه‌: وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێم کەمال موسلیم رایدەگەیەنێت کە رێگا بە قۆرخکاری نادرێت و ئاشکرایشی دەکات کە ھەزار و ٥٠٠ کۆنتێنەر خۆراک بەڕێوەیە.

لە چوارچێوەی رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ ھاووڵاتییان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێم کەمال موسلیم لەگەڵ سەرۆکی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەکانی ھەرێم دارا جەلیل خەیات و ژمارەیەک بازرگانانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکەش، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێم، کەمال موسلیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی: ''لەگەڵ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی، بەمەبەستی دابیبکردنی خۆراک ھیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و دەروازە سنوورییەکان کراوەن و داناخرێن، لە ھەردوو سنووری تورکیا و ئێران چەندین تۆن خۆراک بەڕێوەیە''.

کەمال موسلیم وتیش، ''لانیکەم ھەتا چوار مانگی داھاتوو پێویستمان بە ھیچ خۆراکێک نابێت و ئێستا زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ کۆنتێنەر لە بەندەر عەباسەوە دێت و دوێنێ ٢٠٠ کۆنتێنەر ھاتووە و بازگاکان لە دەرەوەش و لە بەندەری مێرسین و بەندەر عەباسیش بەردەوام بۆشاییەکان پڕ دەکەنەوە''.

لەبارەی ئەو بازرگانانەی ھەوڵی قۆرخکاری دەدەن، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی ھەرێم وتیشی، ''ھەر کەسێک دەست بۆ قۆرخکاری ببات، بە توندترین شێوە لەلایەن تیمەکانی چاودێری بازرگانییەوە سزا دەدرێن''.

سەبارەت بەو قەرەباڵغییەی لە مارکێتەکان دروستبووە بۆ کڕینی خۆراک و کەلوپەلی دیکە، کەمال موسلیم وتی، ''ئاساییە ھەموو خێزانێک پێداویستی خۆی دابین بکات و بەشی پێوسیتی خۆی ھەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت خەڵک لەوە نەترسی کە قەیرانی خۆراک رووبدات و دڵنیابن قەیرانی خۆراک روونادات”.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا کەمال موسلیم راگەیاند کە لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەسەر ھێڵن بۆ ئەوەی ئەگەر ئەو دۆخە درێژەی کێشا ئەوا ئۆتۆمبێلی سەوزە و میوە و خۆراک بە کۆڵانەکاندا بگەڕێن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×