مەسرور بارزانی داوا ده‌كات میكانیزمی گونجاو بۆ خەرجكردنی موچەی‌ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی‌ ناوخۆ بدۆزرێته‌وه‌
  2020-03-17       1112       
مەسرور بارزانی
له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا مەسرور بارزانی داوایكرد كه‌ میكانیزمی گونجاو بۆ خەرجكردنی موچەی‌ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی‌ ناوخۆ بدۆزرێته‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی كرد تایبەت بەهەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو پلانی ‌‌حكومەت بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك لەخۆراك‌و دەرمان‌و سوتەمەنی‌و شمەكی ڕۆژانەو هەروەها دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان بەگشتی.

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونوه‌كه‌، لەكۆبونەوەكەدا وەزارەتەكانی دارایی‌و ئابوری‌و ناوخۆو كاروباری پێشمەرگەو دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران لەنزیكترین دەرفەتدا میكانیزمی گونجاو بدۆزنەوە بۆ خەرجكردنی موچە، بەتایبەتی موچەی هێزەكانی پێشمەرگەو پۆلیس‌و ئاسایشی ناوخۆ بەمەرجێك ڕەچاوی ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكرێت لەڤایرۆسی كۆرۆنا.

هاوكات كۆبونەوەكە جەختی لەوەشكردەوە كە لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی، دارایی گشتی ڕێكدەخرێتەوە بەئاڕاستەی خزمەتکردنی هاوڵاتییان‌و دابینكردنی بژێوییان‌و خەرجییە گشتییەكانیش كەم دەكرێنەوە، كە ئەمەش بەشێكە لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

هەروەها له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا كە پەیوەندی‌و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لەپێناو دابینكردنی شایستەی دارایی‌و مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×