له‌ عێراق ٣٣ حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمارکرا
  2020-03-23       755       

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاشكرایكرد، كە ٣٣ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنایان تۆماركردووە و پێنج كەسیش چاكبوونەتەوە.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٠، وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، رایگەیاند، ٢٣ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆماركراوە، كە سیانیان لە رەسافە و دوانیان لە كرخ و دوانی دیكەیان لە شاری پزیشكانی بەغدا و دوانیشیان لە نەجەف و یەكێك لە بەسرە و یەكێك لە موسڵ و ١٢ توشبوو لە سلێمانی و ١٠ لە هەولێرن.

ئاماژەی بەوەشداوە، كە سێ‌ حاڵەتی نوێی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا لە عێراق تۆماركراوە، كە دانیشتووی رەسافە و بەسرە و دیالە بوون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەوەشی خستۆتەڕوو، كە پێنج توشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە ماڵەكانیان، كە سیانیان دانیشتووی شاری پزیشكانی بەغدان و یەكێك لە میسان و ئەوی تریان دانیشتووی كەربەلایە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق، هێمای بۆ ئەوەشكردووە، تا ئێستا ٢٦٦ كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ٦٢ كەس چاكبوونەتەوە و ٢٣ توشبووش گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق جەخت لە هاوڵاتیان دەكاتەوە پابەندی رێنماییەكانی تەندروستی و لیژنە ئەمنییەكان بن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×