لە داوێنی کورونادا.. چەپکێک بۆسەر خەرمانەی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد)
  2020-03-25       902       


کامەران قازی، سوید



کورۆنا (نەخۆشیی ڤایرۆسی کورونا – ٢٠١٩ - Coronavirus disease – 2019) *کە کورتکراوەکەی دەبێت بە (Covid-19). 
Co – Corona
Vi- Virus
D- Disease
19- 2019
چونکە لە ٣١ دیسێمبەری ٢٠١٩دا، لەشاری وهانی چینەوە سەری هەڵدا و بڵاو بوویەوە. هەر لەو بەروارەدا چین ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی 
**(World Health Organization- WHO)  لەم نەخۆشییە نوێیە، ئاگادارکردەوە. 

٠٢/ ٠٢/٢٠٢٠  ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی، ناوی ئەم نەخۆشییەی بەو شێوەیەی سەرەوە بە گشت جیهان ڕاگەیاند و داوای یارمەتی دارایی بە بڕی ٦٧٥ میلێۆن دۆلار کرد، بۆ ئامادەکاریی و یارمەتی دانی ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی تەندروستیان لاوازە و لەئاستی پێویستدا نین.
من، دەمەوێت لە چەند ڕووەوە سەبارەت بەم نەخۆشییە گشتگیرە باس بکەم. وەک هاوبەشییەکیش بۆ یارمەتی دان و هوشیارکردنەوەی نەتەوە بێ وڵاتەکەم، چەند ڕێنمایی خۆپاراستن، لە زمانی سویدییەوە ڕاستەوخۆ وەردەگێڕم بۆ سەر زمانی دایکی خۆم، بە ئومێدی ئەوەی کە تاکەکانی نەتەوەکەم سوودی لێ وەربگرن، چونکە مانەوەی تاکی کورد، بە شێوەیەکی تەندروست و بەهێز لە ڕووی دەروونییەوە، ئەرکێکی نەتەوەیی هەموومانە و هیچ گەنجێک ( سامان و دارایی) ییەک وەک تەندروستیی، بەنرخ و پێویست نییە بۆ تاکی کورد و مەسەلە نەتەوەییە ڕەواکەی، تاکێکی کوردی تەندروست دەتوانێ گەنج بەرهەم بێنێ، بەڵام سەرمایەدارێکی خاوەن گەنجی نەخۆشی کورد ( جەستەیی، دەروونی یانیش ڕەفتاریی) هەم بە تێپەڕینی کات گەنجەکەی لە کیس دەچێت و هەم ناتوانێ کەڵکێکی ئەوتۆی بۆ نەتەوەکەی ببێت.

ڕووە زانستییەکەی ئەم نەخۆشییە هی زانا و پسپۆڕ و ( فەرمانگەی تەندروستیی خەڵک Folkhälsomyndigheten فۆلکهێلسۆمویندیگهێتن)*** ی سویدە. یەک پیت و وشەی هی من نیین و من تەنها وەک وەرگێڕێکی لێپرسراو، هەم لەلایەن ویژدانی خۆمەوە و هەم وەک ڕووە یاساییەکەی پیشەکەم و هەمیش وەک ئەمەکداریی و ئەمانەت پارێزیی بۆ ماندووبونی خەڵکانێک، کە بێ جیاوازی و میهرەبانانە، وڵات و دڵ و هۆش و تواناکانی خۆیان خستۆتە خزمەت، سەدان هەزاری وەک منی سەر ڕەشی بێ وڵاتی موسڵمانی هاتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. ئەڵبەتە تەنها دوو میللەت لەناو ئەو سەدان میللەتانەی کە لە سویدن، بێ وڵات و بێ لانەن، کورد و قەرج.
ئێمە، تەواو پێچەوانەی فەرمایشتە شیعرییەکەی ( موظفر النواب)**** ، کە دەڵێت: حیزب لانکەی منداڵێکە کە بێ لانکە...حیزب باوکی منداڵێکە کە بێ باوکە.
لە نیشتمانی خۆماندا:
هیچ حیزبێک ( چ کوردی و چ ناکوردی) نەبوونە لانکەی منداڵەکانمان.
‌هیچ حیزبێک ( چ کوردی و چ ناکوردی) نەبوونە باوکیمنداڵە بێ باوکەکانمان.
لانکەی ئازادیی منداڵەکانی ئێمەیان وێران کرد و باوکی منداڵەکانی ئێمەیان بەدەستی یەکتر بەکوشت دا.
لەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی ڕق و قین و سوکیاتی و خوین و سەربڕین و ڕشانەوەیەدا، کام حیزبی پێشکەوتوو، دواکەوتوو، کۆن و نوێ، دیمۆکراتی و موسڵمانێتی ، باوەڕدار و بێ باوەڕ وکام ڕژێمی کۆماری و پاشایەتی،  سەڵتەنەتی  و سەردەمانێک شۆڕشگێڕ و لە دوای شۆڕشیش بوونە ستەمکارە: سەری نەبڕی و پەتی لە مل نە ئاڵاند و دارو قامچی نەوەشاند و ژنی نەفڕاند و منداڵی نەسووتاند و مزگەت و کەنشت و کڵێسای وێران نەکرد و مەزرای بۆردمان نەکرد و ئاوی ژاراوی نەکرد و باخچەکانی هەڵنەپڕوکاندن و گۆڕستانەکانی فراوان نەکردن.....
کامیان...توخوا کامیان؟!!!! 
وەلێ سویدییەکان، لانکەیان بۆ منداڵەکانمان چێ کرد و میهرەبانیی باوکیان پێ بەخشین و هەموو دەرگای ئازادییەکانیان بۆ واڵا کردن و فێری زمانی دایکی خۆیان کردن، وتیان با کەسایەتی و ناسمانەی خۆیان ون نەکەن... من منداڵ بووم لە گەورەکانم دەبیست ئەو حیزبە خەیاڵی و ئەو لانکە ئەفسانەییە و ئەو باوکە تارماییە، بە کوردستانیان دەگوت قلیاسان!!!.

بەرەو باسی نەخۆشییەکە:
کورونا -
 نەخۆشییە:  کەواتە زانست پێوەی مژوڵ دەبێت.
سیاسییە:    حکومەتانی تەنگاو کردووە و دژ بەیەک بەکاری دێنن.
ئابوورییە:  زیانی گورچک بڕی لەو سیستەمە داوە کە ئابووریی جیهانیی لە سەربنیادنراوە
و چارەسەرەکەیشی دەرگایەکی قازانج کردنی مەزن بۆ داهێنەری / داهێنەرانی دەرمانەکەی واڵا دەکات.
کۆمەڵایەتییە: چوون خەڵکی جیهانی تێکڕا تۆقاندووە و دابڕدابڕی کردوون و لایەنە خۆویستییەکەی مرۆڤی بەبارە نێگەتیڤەکەیدا، وروژاندووە، ئەگەر چی ئەم لایەنە و وروژاندنەکەشی هەندێ ناچاریی و لەهەمان کاتدا جۆرە تاقیکردنەوەیەکی سەختی تێدایە، کە لەمەوبەر تەنها لە چیرۆکی عاشقان و گۆرانی و سەربوردەکاندا، دەمان خوێندەوە و گوێمان لی دەگرت و لە خەیاڵماندا وێنەیەکمان بۆ دەکێشا.
 ئێستا نەخۆشی کورونا، داوینێتییە بەر سەنگی مەحەک و ڕەفتارکردنی بڕواکانمان کە بەزۆری  هەر قسەی خۆشی سەر زاران بوون، هەڵدەسەنگێنێ.
ئاینییە: چونکە باس لە بوون یان بەلایەنی کەمەوە لە لەناوچوونی دەیان میلێون مرۆڤ دەکات، ڕۆحی شێواندووە، بەدوای فەریاد ڕەسێکدا وێڵە، ئیستا دەشی تێ بگات کە تەندروستی چ گەنجێکە!!، دەشێ و شایان بەوەیە ڕێزی بگرێت: تەندروستییەکانی: ڕۆحی، هۆشی، دڵی و ئەنجا ڕەفتارە جەستەییەکانی...ئەمانەش هەندێکیان لە ناوەندی مەسەلە مەعنەوییەکاندان کە سەر بە ڕاچڵەکاندنی ئاینییە و لە هەندێكیشیاندا، تێکەڵاوێکی ئاینی و زانستییە، کە ڕەنگە لایەنە ئاینییەکەی بڕوا زانستییەکەی تەئید بکات و دەشێتیش لێزانییە زانستییەکەی لە ناوەندی بڕوا هێنان بە ئاینەوە، سەری پێ بێنێتە دەر. 
ڕێنماییەکانی فەرمانگەی تەندروستی خەڵک لە سوید
بۆ خۆ پاراستن، یانیش هاوبەشی کردن بۆ سنووردارکردنی تووشبوونی خۆمان، یان سنووردارکردنی تووشکردنی کەسانی تر بەهۆی ئێمەوە بەم ڤایرۆسە:
کۆڤید-١٩
ژمارەیەکی زۆر ڤایرۆس هەن کە سەر بە خێزانی ڤایرۆسی کورونان، زۆریان لە گیانەوەرە جۆرا و جۆرەکاندا هەن.
تەنیا ژمارەیەکی کەم لەم ڤایرۆسانە دەتوانن لەگیانەوەرانەوە بگوێزرێنەوە بۆ مرۆڤ.
لە ئێستادا ٧ حەوت جۆر ڤایرۆسی کورونا هەن کە ڕەنگە ببنە هۆی نەخۆشی لە مرۆڤدا.
٤ چوار لەم ڤایرۆسانە ئاسایین و دەبنە هۆی تووش بوون بە هەڵامەت ( ئینفلیونزا).

ڤایرۆسی کورونای سارس و مێرس، دەبنە هۆی نەخۆشی قورستر لە بۆرییەکانی هەوادا.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ دا لە چین، ڤایرۆسێکی کورونای نوێ دۆزرایەوە کە دەتوانێت مرۆڤ تووش بکات. ئەو نەخۆشییەی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە دروست دەبێت پێی دەوترێت کۆڤید-١٩.



جیاوازی لە نێوان کۆڤید – ١٩ و ئینفلیونزای وەرزیدا، چییە؟

زەحمەتە بەراوردکاریی بکرێت بۆ نەخۆشییەکی تازە، بۆ نموونە کۆڤید – ١٩، لەگەڵ ئینفلیونزای وەرزیدا.
پوختەی باسکە ئەوەیە، لەسەر بنەمای ئەوەی تا ئێستا دەیزانین، کە زۆر نیشانەی هاوبەش هەیە لە نێوانیاندا.

زۆرینە بە شێوەیەکی سووک تووش دەبن، بەڵام ژمارەیەک بە سەختی تووش دەبن و لە هەردوو حاڵەتەکەیشدا، چ حاڵەتی ئینفلیونزای وەرزیی و چ لە حاڵەتی کۆڤید-١٩ دا، مردن ڕوو دەدات. 
بێگومان لە حاڵەتی کۆڤید-١٩ دا ژمارەی مردنەکە زیاد دەکات، بە بڵاو بوونەوەی لە ناو ژمارەیەک لە دانیشتواندا.

بڵاوبوونەوەشی بەو خێراییە و بەو ژمارە زۆرە، هۆکەی ئەوەیە کە هیچ کەس لە دانیشتوانی تووش بوو فریای ئەوە نەکەوتوون، کە بەرگریی سروشتی لەشیان گەشە پێ بدەن بەرامبەر بەم نەخۆشییە ( سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ).
بۆیە دەبینین ژمارەیەکی زۆر نەخۆش دەکەون و ژمارەیەکی زۆریش پێویستیان بە چاودێریی تەندروستی دەبێت.

بە پێچەوانەوە، ئینفلیونزای وەرزیی کە هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە، بۆتە هۆی ئەوەی لەناو دانیشتواندا، بەرگرییەک دروست ببێت بەرامبەر بە جۆرەکانی ئەو ڤایرۆسەی دەبیتە هۆی هۆی ئینفلیونزا. هەروەها ڤاکسین و دەرمانیش هەیە بۆ چارەسەری ئینفلیونزای وەرزی.

نیشانەکانی کۆڤید- ١٩ کامانەن؟
لە نیشانە هەرە دیارەکان کە لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکاندا هاتووە، تا لێهاتن ( یاوکردن) و کۆکەیە.
هەروەها سەخت بوونی هەناسەدان، فنگەفنگی لوت، قورگ ئێشە، ژانەسەر( سەر ئێشە)، هێڵنج دان، ژانی– ماسولکەکان و جومگەکان، لە نیشانە ئاساییەکانی ئەم نەخۆشییەن.

زۆرینەیەک لەم نیشانانە، بەهۆی چاودێری خۆییەوە هەر لە ماڵەوە تێدەپەڕن و نامێنن، بەلام ژمارەیەک بەسەختی تووش دەبن، بۆ نموونە تووشی تەنگە نەفەسی و هەوکردنی سییەکان دەبن.



ماوەی تووشبوون تا گەیشتنە حاڵەتی نەخۆش کەوتنەوە: 
(Incubation period, inkubationstiden، ماوەی گەشەکردنی ڤایرۆسەکە لە لەشی مرۆڤدا). 
ماوەی تووش بوون بە شێوەیەکی ئاسایی ٢ دوو ڕۆژ بۆ ١٤ چواردە ڕۆژ دەخاێنێت، زۆرینە پاش ٥ پێنج ڕۆژ نەخۆش دەکەون. ڕەنگە هەندێ حاڵەتی دەگمەنیش هەبێت کە جیاواز بێت لەم خشتەیە.

زۆر گرنگە مرۆڤ لەماڵەوە بمێنێتەوە، ئەگەر هەستی کرد نەخۆشە.

ئەگەر مرۆڤ هەستی کرد کە بەتەنیا ناتوانێ خۆی چارەسەری خۆی بکات و خۆی بۆبەڕێوە ناچێت، ئەوا دەبێت پەیوەندی بکات بە ژمارە تەلەفۆنی 11 77 وە، بۆ ئەوەی ڕێنمایی تەندروستی پێ بدرێت.

( سەرنج: ئەو ژمارەیە بۆ ئەو کوردانەیە کە لە سوید دەژین و کوردانی دانیشتووی وڵات، دەبێت پەیوەندی بکەن بەو ژمارە تەلەفۆنانەی کە لەلایەن فەرمانگەی تەندروستی لە ناوچەکانی خۆیاندا، ڕاگەێندراوە).

کۆڤید-١٩ چۆن بڵاو دەبێتەوە؟
ڤایرۆسی کورونا کە دەبێتە هۆی نەخۆشی کۆڤید-١٩، بە پلەی یەکەم بەهۆی دڵۆپی شلە و دەرهاویشتەکانی بۆری هەناسەوەیە.

ئەو دڵۆپانە و دەرهاویشتانەی بۆری هەناسەدان ڕەنگە ڕاستەوخۆ بەهۆی کۆکین و پژمینەوە، بگوێزرێنەوە، ئەوەی پێی دەووترێت، تووش بوونی دڵۆپەیی.

یاخود پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان مرۆڤەکان، ئەوەی پێی دەووترێت، تووش بوون لە پەیوەندیی کردنەوە.

هێشتا ئەوەی پێی دەوترێت، تووش بوونی پەیوەندی ناڕاستەوخۆ
واتە گیرساونەوەی ئەو دڵۆپانە لەسەر (ڕوویەک) یان ( شوێنێک، شتێک)، چ ڕۆڵێکیان لە گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ دا هەیە ، ڕوون نەبۆتەوە.

بە شۆردنی دەستەکانمان و دەست نەدان لە روخسارمان و هەروەها دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکانی نەخۆشدا، دەتوانین مەترسی بڵاو بوونەوەی کەم بکەینەوە.

خۆت و خەڵکانی تر بپارێزە لە بڵاوبوونەوە و تووش بوون:

باشترین ڕێگە بۆ خۆپاراستن و پاراستنی کەسانی تر لەوەی کە نەخۆش نەکەون، ئەوەیە کە دوور کەوینەوە لە پەیوەندی کردنی نزیک لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە نەخۆشن.

چەند ڕێنماییەکی گشتی هەیە بۆ تووش نەبوون:

ئەگەر نەخۆش کەوتی لەماڵ مەچۆ دەرەوە.
ئەگەر هەستت کرد نەخۆشی وئەم نیشانانەت هەبوون، وەک: فنگەفنگی لوت، کۆکە یان تا ( یاو)، دەبێت هەوڵ بدەیت پەوەیوەندی لەگەڵ خەڵکانی تردا نەکەیت و سەردانیان نەکەیت. 

مەڕۆ بۆ سەرکارەکەت، یان بۆ قوتابخانە.

ئەگەر هەستت کرد بە سوکیش نەخۆش کەوتوویت، دەبێت ئەو ڕێنمایانە ئەنجام بدەیت.

زۆر گرنگە کە خەڵکانی تر نەخەیتە مەترسی تووش بوونەوە.

هەر لە ماڵەوە بمێنەوە بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە هەست بە نەخۆش بوون دەکەیت.

ئەگەر زانیت نەخۆشییەکەت قورستر دەبێت و بەتەنیا ناتوانیت خۆت بەڕێوە بەریت، پەیوەندی بکە بە ژمارە تەلەفۆنی 11 77 وە، بۆ وەرگرتنی ڕێنمایی تەندروستی.

پاش چاک بوونەوەت دوو ڕۆژ چاوەڕوان بکە ، پێش ئەوەی بڕۆیتەوە سەر کارەکەت، یان قوتابخانەکەت.

کەسانی بە تەمەن، مەترسی نەخۆش کەوتنیان بە شێوەیەکی قورس، زیاترە، بۆیە گرنگە کە سەردانی نابەجێ و ناپێویستی ئەو کەسانە نەکەین کە لە خەستەخانە یا شوێنی چاودێری بەتەمەنەکاندان.

ئەو جۆرە سەردانانە واز لێ بێنە، ئەگەر هەستت بە کەمترین نیشانەی نەخۆشی کرد.

ئەو کەسانەش کە لە ناوەندەکانی تەندروستیدا / خەڵوەتگەکانی بەساڵاچوواندا کار دەکەن، ئەگەر تووشی کۆکین یان ئینفلیونزا بوون، دەبێت نەچن بۆ سەر کارەکەیان.



ئاگاداری نیشانەکانی نەخۆشی کۆڤید-١٩ ببە:

لە نیشانە باسکراوەکان لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکاندا تا ( یاو) و کۆکینە، هەروەها هەناسەسواریی( تەنگەنەفەسیی)، ئاوهاتن لە لوت ( فنگەفنگی لوت)، قوڕگ ئێشە، ژانەسەر(سەر ئێشە)، هێڵنج دان، ئازاری- ماسولکەکان و جومگەکان، ئەمانە نیشانە ئاساییەکانی ئەم نەخۆشییەن. 

زۆرینەیەک لەم نیشانانە، بەهۆی چاودێری خۆییەوە هەر لە ماڵەوە تێدەپەڕن و نامێنن، بەلام ژمارەیەک بەسەختی تووش دەبن، بۆ نموونە تووشی تەنگە نەفەسی و هەوکردنی سییەکان دەبن.

هەستت کرد ئەم نیشانانەت تێدا دەرکەوتوون، پارێز بکە لەوەی کە چاوت بە خەڵکانی تر بکەوێت.

زوو زوو دەستەکانت بشۆ:
ماددەی بڵاوبوونەوە و تووش بوون، بە ئاسانی بە دەستەکانەوە دەنووسێن، ئەگەر تەوقە لەگەڵ کەسێکی تردا بکەیت، ئەوا بەو هۆیەوە دەگوێزرێنەوە، بۆیە دەبێت دەستەکانت زوو زوو بشۆیت بە سابوون و ئاوی گەرم، بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٢٠ چرکە.

هەمیشە کە دەگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە دەستەکانت بشۆ، کە دەچیت بۆ سەر کارەکەت لەبەر ئەوەی لەدەرەوە بوویت، دەستەکانت بشۆ، پێش نانخواردن و پێش خواردن ئامادە کردن و دوای ڕۆیشتن بۆ تەوالێت، دەستەکانت بشۆ.

دەتوانیت ئەلکهولی پاکژکردنەوەی دەست ( جێڵی پاکژکردنەوەی دەست) بەکار بێنیت، ئەگەر ئاو و سابوونت دەست نەکەوت.

لەکاتی پژمین و کۆکیندا نێوان ئانیشکت ( نێوان دست و قۆڵ) بەکار بێنە:
کاتێک کە دەکۆکیت و دەپژمیت، دڵۆپی بچوک، بچوک کە ماددەی تووش بوونیان تێدایە بڵاو دەبێتەوە. ئەگەر نێوان ئانیشکمان بەکار بێنین لە کاتی پژمین و کۆکیندا، یان کلینیکسێک، ئەوا ڕێگە دەگرین لە بڵاوبوونەوەی ماددەی تووش بوون، بۆ چواردەوری خۆمان و پیس بوونی دەستەکانمان، هەمیشە کلینیکسەکە بخەرە سەبەتەی خۆڵەوە و دەستەکانت بشۆ.

دەست مەدە لە چاو، لوت و دەمتەوە.
مادەی تووش بوون، بەهۆی ئاوی چاو، ئاوی لوت و لیکی ناو دەمەوە بڵاو دەبێتەوە.
ڕێگرتنێکی گشتی بۆ هەونەکردنی بۆرییەکانی هەناسە، دەست نەدانە لە چاو، لوت و دەمەوە.

ئەلکهولی پاکژکردنەوەی دەست (Hand disinfecting, handsprit):
ئەگەر سابوون و ئاو دەستنەکەوت، مرۆڤ دەتوانێت جێڵی دەست کە لایەنی کەم ڕێژەی
٦٠% ئەلکهولی تێدا بێت، بەکار بێنێت. بەڵام ئەگەر هەستت کرد دەستەکانت پیسن، ئەوا دەبێت بە سابوون و ئاو بیان شۆیت.


سەرنجەکان/
*نەخۆشیی ڤایرۆسی کورونا-٢٠١٩ Coronavirus disease – 2019
** ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی World Health Organization- WHO,www. who.int 
*** فەرمانگەی تەندروستیی خەڵک Folkhälsomyndigheten فۆلکهێلسۆمویندیگهێتن) ، ئەم وشەیە کە لە بیست پیت پێکهاتووە، بەو شێوەیەی کە سویدییەکان ئەێژنی، نووسیمەوە، بۆوەی جۆری وتنی وشەکەم لە ئەرشیفی نەتەوەیی کورددا تۆمار کردبێ، ئەمەش پەیوەندی بە وشەسازیی و گەشەی زمانی سویدییەوە هەیە، کە بەردەوام لە گەشەکردن و چاودێری کردنیشدایە. دەنا من خۆم بە بەرپرسیار دەزانم وەک تاکێکی کورد، کە هەتا بتوانم، ڕاست و ڕەوان و بۆگەشەی دروستی زمانەکەمان خۆم لە هەڵە نووسین بپارێزم، ئەز دەزانم بەهۆی ئەو پاشاگەردانی بەڕێوەبردنەی بەتایبەتی باشووری نیشتمانەوە و نەبوونیی چاودێرییەکی پسپۆڕانە لەسەر بەنرخترین و گرنگترین ئامڕازی مانەوەی نەتەوەکەمان، کە زمانەکەیەتی، لە سایت و نووسینەکانی بڵاوبوویەوە و وتنەکانی میدیاکانی باشووردا، چۆن زنجیرەی نووسینی شەڕەپشیلەیی و هەست نەکردن بە لێپرسراوی کوردستانی بوون و ویژدانی نەتەوەیی، لێک ترازاوە و نووسینی وشەی ئاوا، کە هیچ فڕی بەسەر زمانی کوردییەوە نییە، گاڵە دەکا و وەک نەخۆشی کۆڤید-١٩ وشە و دەستوور و ڕێزمانی زمانی کوردی دەکوژێت.

جگە لەو سەرچاوانەی سەرەوە، بۆ ئەم نووسینە سوودم لە کتێبی   Medicin 1
 Urban GIlå 2011 ISBN 978-91-523-0222-4 وەرگرت، کە دیاری هەڤاڵ و برام کاک ئیسماعیل عوسمانە ( نووسەر، شارەزای زمان وئەدەبیات و سیاسەت)، ئەم برا خۆشەویستەم، هەر کاتێک دێت بۆلام، باوەشێک کتێب و نووسینی بەنرخ، بەو زمانە زۆرانەی دەیزانێ، بۆم دێنێت، دوێنی کە سەردانی کردم، قورئانێکی پیرۆزی بۆ هێنا بووم کە وەرگێڕڕاوەتە سەر زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی، زۆر زۆر سپاسیان دەکەم.

****موزەفەر ئەلنەواب...شاعیری عێراقی، بە فیکر و ڕێخستنی، سەر بە حیزبی شیوعی عێراقی بوو، پێێ وا بوو کە ئەو حیزبە، لانکە و باوکی منداڵانی بێ- لانک و باوکە.

***** ژانی– ماسولکەکان و جومگەکان: دانانی ئەو ( - ) داشە، بەو مانایەیە کە وشەکانی هاتوو لە پاشییەوە، هەموویان ئەم پێشگرەیان دەبێت، بۆ خۆ پاراستن لە دووبارە نووسینەوەی. واتە لە خوێندنەوەدا دەبێت بە: ژانی ماسولکەکان و ژانی جومگەکان، ئەمە بۆ یەکەم جارە، بەکار دێت لە زمانی کوردیدا، کە هیوادارم جێگای خۆی بگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×