ئەنگێلا مێرکڵ: هێشتا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناداین و ناچارین ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە بژین
  2020-04-23       793       

ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا هۆشداری ئەوەی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و هێشتا هەر لە سەرەتادان و ناچارن ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە بژین.

ئاوێنە: ئەنگێلا مێرکڵ ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە رێوشوێنەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئاستەنگی لەبەردەم ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییاندا دروست کردووە، بەڵام هێشتا ئەڵمانیا نەگەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ناچارن ماوەیەکی درێژ لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا بژین.

راوێژکاری ئەڵمانیا باسیشی لە گرنگی هەوڵە جیهانییەکان کرد بۆ دۆزینەوەی پێکوتەی تایبەت بە کۆرۆنا و وتی، “زانست هیچ ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو بۆ خزمەتکردنی هەموو مرۆڤایەتییە، هەربۆیە ئەگەر پێکوتەیەک دۆزرایەوە پێویستە پێشکەش بە هەموو جیهان بکرێت و نرخەکەشی گونجاو بێت”.

ئەنگێلا مێرکڵ داواشی لە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا کرد، لەم قۆناغەدا خۆڕاگربن و زیاتر هاوکاری یەکتر بکەن، ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ئاساییبوونەوەی رەوش لە هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا پێویستە بوودجەی یەکێتییەکە بەهێزتر بکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×