لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عیراق چەند پێشنیارێك بۆ دابینكردنی موچه‌ ئاشكرا ده‌كات
  2020-04-29       2269       

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، پێشنیاری زیادكردنی رسومات و باجی گومرگ خراوەتەڕو. دەشڵێت، "بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، وەزیری دارایی سەرپشك كراوە كە قەرزی ناوخۆ و دەرەكی وەربگرێت".

 ئاوێنە: هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی نەوتی زیاتر خراوەتە بازارەوە و زۆربەی چالاكییە ئابورییەكانی جیهانیش راوەستان، ماوەی سێ رۆژە نەوتی عیراق كڕیاری نییە.

راشیگەیاند، "ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوا كورتهێنانی دارایی لە موچەدا دەگاتە 34 تریلیۆن دینار".

ئەوەشی خستەڕو"لەئێستادا نەوتی عیراق لە نێوان 15 بۆ 18 دۆلار دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا عیراق بۆ دابینکردنی موچەو كڕینی كارەبا، پێویستی بە حەوت تریلیۆن و 200 ملیۆن دینار هەیە".

هەیسەم جبوری ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا داهاتی مانگانەی عیراق، یەك ترلیۆن و 500 ملیۆن دینارەو چەند پشنیارێك بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران خراوەتەڕو لەوانە زیادكردنی رسومات و باجی گومرگ، جگە لەوەش وەزیری دارایی سەرپشك كراوە كە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە قەرزی ناوخۆ و دەرەكی وەربگرێت.

لەبارەی بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2020، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق باسی لەوەشکرد، جارێ ئەستەمە بودجەی گشتی ئەمساڵ پەسەندبكرێت، بەڵام لەئێستادا دەکرێت كار بە بودجەی مانگانە بكرێت كە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی بكات.

زیاتر وتی"بڕیارەكانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی موچەی لە 40 ترلیۆن دینارەوە بۆ 52 ترلیۆن دینار زیادكردوە، هەروەها موچەی پلە تایبەتەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ناگاتە دو لە هەزار لە بودجەی دارایی".

ئەوەشی وت، كە گەندەڵی لە گومرگەكان ساڵانە دەگاتە هەشت ملیار دۆلار. وتیشی"عیراق 67 ملیار دۆلار قەرزارە كە  قەرزی ناوخۆ، گەیشتووەتە 27 ملیار دۆلار و قەرزی دەرەكیش، گەیشتووەتە 40 ملیار دۆلار".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×