سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی: لەبڕینی دەرماڵەی موچەخۆرانی وەزارەتى خوێندنی باڵا ناڕازین
  2020-05-23       1333       

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەستکاری کردنی دەرماڵەی موچەخۆرانی وەزارەتى خوێندنی باڵا، دەرخەری ئەوەیە کە خاوەنی بڕیار لای گرنگ نیە، چەند زیانی گەورە بە ئاستی زانستی نەوەکانی ئایندە دەگات، بۆیە ناڕازین لەبڕینی دەرماڵەی موچەخۆرانی وەزارەتى خوێندنی باڵا.

ئاوێنه‌: پ.ی.د.ئالان فەرەیدون، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەپەیامێکدا ڕایگەیاند، دەستکاری کردنی دەرماڵەی موچەخۆرانی وەزارەتى خوێندنی باڵا، کە شانبەشانی وەزارەتی پەروەردە خەمخۆرترین چینن بۆ پێشکەوتنی زانست و پێگەیاندنی نەوەیەکی ئاست بەرز لە بنەماکانی پەروەردەو فێربوون، دەرخەری ئەوەیە کە خاوەنی بڕیار لای گرنگ نیە، ئاستی زانستی لە کۆمەڵگەکەدا بەرەوکوێ و بە چی ئاڕاستەیەک دەڕوات و چەند زیانی گەورە بە ئاستی زانستی نەوەکانی ئایندە دەگات.

ئاماژە بەئەوەشدەکات، هەربۆیە لە ئێستاوە وەکو سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی نارازیبوونی خۆیان لە هەنگاوێکی لەو جۆرە دەردەبڕن و شانبەشانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆیان داوا دەکەن ڕێز لە ئەرک و خزمەتەکانی زانکۆ بگیرێت .

دەقی پەیامەکە:

بەرێزان مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی
بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییەوە، پیرۆزبایی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە هەمووتان ئەکەم وە ئەم جەژنە بکاتە مایەی خێرو خۆشی و دورخستنەوەی دەردو بەڵاکانی سەر کوردستانەکەمان.

بەرێزان

بە دەرفەتێکی گونجاوی دەزانم لە دەستپێکی نارەزایەتییەکان بۆ ئەو دەنگۆیانەی باس لە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران ومامۆستایانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکرێن، رای خۆمان وەکو سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی زانکۆ دەرببڕین و لێرەوە بە ڕاشکاوی دەڵێین، دەستکاری کردنی دەرماڵەی ئەو چینەوە کە شانبەشانی وەزارەتی پەروەردە خەمخۆرترین چینن بۆ پێشکەوتنی زانست و پێگەیاندنی نەوەیەکی ئاست بەرز لە بنەماکانی پەروەردەو فێربوون، دەرخەری ئەوەیە کە خاوەنی بڕیار لای گرنگ نیە ئاستی زانستی لە کۆمەڵگەکەدا بەرەوکوێ و بە چی ئاڕاستەیەک دەڕوات و چەند زیانی گەورە بە ئاستی زانستی نەوەکانی ئایندەمان دەگات.

هەربۆیە لە ئێستاوە وەکو سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی نارازیبوونی خۆمان لە هەنگاوێکی لەو جۆرە دەردەبڕین و شانبەشانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆمان داوا ئەکەین رێز لە ئەرک و خزمەتەکانی زانکۆ بگیرێت .

لەراستیدا دەمەوێ بشڵێم، لەماوەی رابردووداو خوێندنی تەکنیکی لە کوردستان هەنگاوی گرنگی بڕی، لە پەیمانگای دایک “پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی”یەوە، بگات بەوەی کە لە ئێستادا تەنها زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی خاوەنی ١٣ کۆلێج و پەیمانگابێت و بە هەوڵی دڵسۆزانی لە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارەکانیشی هەنگاوی جددی و ئەکادیمی بنێت، نیشانەی ئەوەیە کە بەرپرسانی ئەم زانکۆیە لە سەرەتاوە تاوەکو دەگا بە ئێمە وە لە دەستبەکاربوونی ئێمە وەکو سەرۆکی زانکۆ هەروەها وەکو ئەنجومەنی ئێستای زانکۆکە، زۆر بە باشی و دڵسۆزانە کارەکانمان ئەنجامداوەو نە خۆمان و نە هێشتوومانە کەسی دیکەش بە چەوتی کارەکان ببەن بەڕێوە، بەڵکوو رامان وایە زۆرجار بڕیارە چەوتەکان بریتین لەلێسەندنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان و قۆرخکارییە کارگێڕی وداراییەکانە.

دووبارە دەڵێین جەژنتان پیرۆزبێت و بە هیواین پێکەوە خۆپارێزییەکان جێ بەجێ بکەین ،جارێکیتریش لە نزیکەوە بە مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانمان لەنێو کەمپەکانی زانکۆمان بەیەکتر شاد ببینەوە ، وە هەر لێرەوە بەڵێن ئەدەین کە کار بکەین بۆی خوێندکاران بە سەرکەوتویی ئەمساڵی خوێندن تێ پەڕێنن وە ساڵی خوێندن نەفەوتێت.

هەمیشە سەرکەوتووبن.

پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی



 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×