ئاسایشی سلێمانی: کەسێکمان دەستگیرکردووە تا ئێستا دزی لە هەشت ماڵ کردوە
  2020-05-28       1182       

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی لەناو شاری سلێمانی راگەیاند کە لە یەکەم رۆژی جەژن دزی لە دراوسێیەکی خۆیان کردووە و دەڵێت، "تا ئێستا دزی لە هەشت ماڵ کردووە".
 
ئاوێنه‌: لە راگەیه‌ندراوێكدا ئاسایشی سلێمانی ده‌ڵێت: پاش ئەوەی 24ی ئایاری 2020، زانیارییان پێگەیشتووە کە دزی لە ماڵی هاوڵاتییەک لە گەڕەکی رزگاریی شاری سلێمانی کراوە لەکاتێکدا خاوەنی ماڵەکە لەماڵ نەبووە. دوای لێکۆڵینەوە، پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 27ی ئایاری 2020 ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
 
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی (م. س. م)ـە، بە وتەی ئاسایشی سلێمانی، 33 ملیۆن و 900 هەزار دینار، 60 هەزار 800 دۆلار و نزیکەی 60 مسقاڵ ئاڵتوونی لەو ماڵە دزیوە و خۆیشی دانیشتووی هەمان گەڕەکە.
 
ئاسایشی سلێمانی باس لەوەشدەکات، ئەو کەسە شارەزاییەکی زۆری هەیە لە دزیکردندا و "زۆر بە لێزانانە دزی لە حەوت ماڵی دیکەش هەر لەناو شاری سلێمانیدا کردووە".
 
لەدوای دەستگیرکردنی ئەو کەلوپەل و پارانەی پێی گیرابوون جگە لە پارە و ئاڵتوونەکانی ئەو ماڵە، "چەندین کاتژمێری گرانبەها، 48 بۆنی گرانبەها، دوو دەمانچەی چواردەخۆر، یەک دەمانچەی تۆبڵی و 118 فیشەکی کڵاشینکۆف، 17 پاکەت فیشەکی جۆراوجۆری دیکەی پێگیراوە".
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×