سلێمانی..بكوژی ئەو گەنجەی لەسەر رەماش لێدان كوژرا، دەستگیركرا
  2020-05-28       1308       

درەنگانی شەوی 26 لەسەر 27ی ئەم مانگە گەنجێك لە سلێمانی لەسەر رەماشلێدانی ئۆتۆمبێل كوژرا، پۆلیسی سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: بكوژی ئەو گەنجە دەستگیركراوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا لەزاری ئاسۆ شێخ تەھا، بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگاكەوە ڕایگەیاند، بکوژی ئەو گەنجەی ٢٦ی ئەم مانگە لەنزیک پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری دایک لەسلێمانی کوژرا، دەستگیرکراو لەئێستادا لەلای ھێزەکانی پۆلیس ڕاگیراوە.

رۆژی 27ی ئەم مانگە سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى سلێمانى لەبارەى روداوەکەوە راگەیاندبو: دواى ئەوەى ژمارەیەک گەنج بۆ کاتبەسەربردن تا درەنگانێکى شەو لە دەباشان ماونەتەوە، لەکاتى رۆشتنەوەیان ئۆتۆمبێلێکى جۆرى تۆیۆتا لاندکرۆزەر دەستدەشکێنێتەوە سەر ئۆتۆمبێلى ئەو گەنجانەو ئەوانیش چەند رەماشێکى بۆ لێدەدەن.

وتبوشی: دواتر دەبێتە دەمەقاڵێیان و لەناو ئۆتۆمبێلە لاندکرۆزەرەکەوە تەقە دەکرێت، بەوهۆیەوە یەکێک لە گەنجەکان فیشەکێکى بەردەکەوێت و تا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×