باڵیۆزێكی پێشوی ئەمریكا: حكومەتی هەرێم موفلیسەو كێشەی سیاسی مەترسیداری هەن
  2020-05-28       2914       

رۆبەر فۆرد، باڵیۆزی پێشوی ئەمریكا لە هەریەكە لە سوریاو جەزائیر، هۆشداریدەداتە ئیدارەكەی ترەمپ كە لە ئەگەری گوشارهێنان بۆ حكومەتەكەی كازمی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران، ئەوا ئەگەری كەوتنی ئەو حكومەتە هەیەو هۆشداریشدەدات لەبارەی بژاردەی پشتبەستنی هێزەكانی ئەمریكا بە بنكە سەربازییەكانی هەرێم بەتەنها بۆ روبەڕوبونەوەی دوژمنانی وڵاتەكەی لەعێراق و سوریاو دەشڵێت: ئایا واشنتۆن سەرنجی ئەوەی داوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان موفلیسەو چەند كێشەیەكی سیاسی مەترسیداری هەن؟

ئاوێنە: رۆبەرت فۆرد، لە وتارێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رۆژنامەی "ئەلشەرق ئەلئەوسەت"بڵاوكراوەتەوە، رایگەیاندوە: لە واشنتۆن بەرپرسان و شیكەرەوەكان بیر لەو كۆبونەوە دوقۆڵییە گرنگە دەكەنەوە كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی داهاتو لە بەغدا لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەبچێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو: بەرپرسان و شیكەرەوەكان لە واشنتۆن، چاودێری هەر هەنگاوێك دەكەن كە مستەفا كازمی هەڵیدەگرێت، كاتێك سەردانی بارەگای هێزەكانی حەشدی شەعبی كردو جلوبەرگی حەشدی شەعبی پۆشی، بۆچونەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەقینەوە، ئەو جلوبەرگەی حەشدی شەعبی بارتەقای سەدان هەزار وشە بو.

بەپێی قسەی رۆبەرت فۆرد، لە واشنتۆن دو بەرە هەن سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریكا دەربارەی عێراق. بەرەی یەكەمیان لەگەڵ ئەوەن ئەمریكا دان بەخۆیدا بگرێت و هاوكاری مستەفا كازمی بكات بەمەبەستی دەرهێنانی عێراق لە چنگی ئێران و پێشیان وایە دەبێت واشنتۆن دەرفەت بە كازمی بدات بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم لەنێو هێزە ئەمنییەكانی عێراقداو هەروەها ئەمریكا بەردەوامی بە پەیوەندییە سەربازییە دوقۆڵییەكانی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق بدات.

بەبڕوای باڵیۆزی پێشوی ئەمریكا لە سوریاو جەزائیر، بەڵام بەرەی دوەم لە واشنتۆن، هانی ئیدارەكەی ترەمپ دەدەن كە بژاردەی سەخت بخاتە بەردەم كازمی، لەوانە دەبێت سەرۆك وەزیرانی عێراق بەخێرایی روبەڕوی حەشدی شەعبی ببێتەوەو تێكیبشكێنێت و هەروەها سنورێك بۆ پەیوەندییە ئابورییەكان لەگەڵ ئێران دابنێت، ئەگەرنا واشنتۆن بەخێرایی دەستبكات بە سەپاندنی گوشاری زیاتر بەسەر عێراقدا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەرەی دوەم پێیانوایە ئەگەر بەو هۆیەوە دۆخەكە لە عێراق دژوار بو، ئەوا هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا كە ژمارەیان پێنج هەزار سەربازە لە عێراق، دەكرێت سەرجەمیان لە بنكە سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان جێگیربكرێن و لەم بنكە سەربازییانەوە دەتوانن لەسەرتاسەری عێراق و سوریا دژبە هەر دوژمنێك ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن.
وتوشیەتی: بەپێی بۆچونی ئەم بەرەیە ئەوە كێشەی ئەمریكا نییە ئەگەر حكومەتەكەی كازمی لە عێراق بكەوێت."

رۆبەرت فۆرد لە وتارەكەیدا پرسیویەتی"ئایا ئەمریكییەكان حكومەتەكەی كازمی بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران دەخەن؟"

هەروەك ئەو ئاماژەی پێداوە، ئەمریكییەكان چوار مانگی دیكە مۆڵەتیان داوەتە عێراق بۆ هاوردەكردنی وزە لەئێرانەوە لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە چیتر سەبر لە عێراق ناكەن.

بەڵام فۆرد پێی وایە، ئەگەر واشنتۆن تا چەند ساڵێكی دیكە چاوەڕێی عێراق نەكات و لەبری ئەوە سزای ئابوری بەسەردا بسەپێنێت، ئەوا حكومەتەكەی كازمی روبەڕوی مەترسی نەدانی موچەو بەوەش ناڕەزایەتی شەقام دەبێتەوەو وتوشیەتی"ئەگەر حكومەتەكەشی كەوت، چۆن واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی دەزانن حكومەتی داهاتوی عێراق باشتر دەبێت بۆ سەقامگیری ناوچەكەو شەڕی داعش؟"

ئەو باڵیۆزەی پێشوی ئەمریكا وتوشیەتی"ئەگەر وەڵامەكە ئەوەیە كە بنكە سەربازییەكانی كوردستان عێراق بەسن بۆ ئەوە، ئایا واشنتۆن سەرنجی ئەوەی داوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان موفلیسەو چەند كێشەیەكی سیاسی مەترسیداری هەن؟ واشنتۆن دەبێت بەر لە مانگی حوزەیران وەڵام بداتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×