سیروان بارزانی: داعش رۆژ بەڕۆژ بەهێز دەبێتەوەو وەکو سەرەتای 2013ـی لێهاتوەتەوە
  2020-06-04       857       

سیروان بارزانی به‌رپرسى میحوه‌ری گوێڕ - مه‌خموری هێزی پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،  دیوی چیای قەرەچووخ بە ئاراستەی باشوور و دەشتی قەراج، لە دەستی هێزەکانی عێراقدایە و ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، دوای ئۆپەراسیۆن و بۆردوومانیش، داعشەکان دوای دوو رۆژ دەگەڕێنەوە ناوچەکە، چونکە عێراق هێزی لەو شوێنانە نییه‌.

ئاوێنه‌: سیروان بارزانی رایگه‌یاند، ، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەی رابردوو، هاوپەیمانان توونێلێکی گەورەی داعشیان لە چیای قەرەچووخ کردە ئامانج کە 12 داعشی تێدابوو، دواتر لە شەوی رابردووشدا هەست بە جموجوڵی چەکدارنی داعش کراوە و وا دیارە ویستوویانە خۆیان بگەیەننە ئەو توونێلەی بۆردوومان کرابوو بۆ دەرهێنانی لاشەی کوژراوەکان، بەڵام ئەوانیش کراونەتە ئامانج.

سیروان بارزانی وتیشی، لە توونێلە گەورەکەدا 12 چەکداری داعش کوژراون، بەگشتیش بەگوێرەی دوایین زانیارییان کوژراوەکان گەیشتوونەتە 19 چەکداری داعش.

سیروان بارزانی روونی كرده‌وه‌" کەس ناتوانێت بڵێت ژمارەی چەکدارانی داعش چەندە، لە دەشتی قەراج و هێڵی بن شاخەکەوە بەرەو حەویجە و گەیارە و نەینەوا دێن و دەچن و هاتووچۆ دەکەن، ئێستا رەنگە 50 تاوەکو 60 چەکداری داعش لە توونێلەکانی ئەو ناوچەیە مابن.

باس لەوەشدەکات کاتێک هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بووە، ساتری هەبووە و کەس نەیدەتوانی دزە بکات، بەڵام ئێستا ئەو شوێنانە کراوەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هاوئاهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوامە و لە هەولێر ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەیە تیمەکانی هاوپەیمانان سەردانیان دەکەن.

سیروان بارزانی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هێرشەکان بۆسەر داعش بەردەوام و جگە لەو هێرشانەی کە بۆ میدیاکان رادەگێیندرێن، هێرشی دیکەش هەن کە دەکرێن بەڵام رانەگەیێندرێن، بەگشتی هەفتاتە نزیکەی دوو ئۆپەراسیۆنی لە دژی داعش دەکرێت.

لەسەر کاریگەری هاوئاهەنگیی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، سیروان بارزانی گوتی: "داعش لە کۆنترۆڵی عێراق و ئێمەش دەردەچێت ئەگەر هاوئاهەنگیی نێوان هاوپەیمانان و عێراق کەمبکرێتەوە، داعش رۆژ بە رۆژ بەهێزدەبێتەوە و دەتوانم بڵێم وەکو سەرەتای 2013ـی لێهاتووەتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×