حەشدی شەعبی: ٦٧ گیانلەدەست داو بەهۆی کۆرۆنا بەخاک سپێردران
  2020-06-17       486       

فیرقەی ئیمام عەلی سەربە لیوای دووی حەشدی شەعبی رایگەیاند، “تەرمی ٦٧ كەسی دیكە كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان لەدەستداوە لە گۆڕستانی وادی سەلام-ی نوێ بەخاك سپێردراون”.
 
ئاوێنه‌: فیرقەی ئیمام عەلی سەربە لیوای دووی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ٦٧ كەسی دیكە كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) گیانیان لەدەستداوە لە گۆڕستانی وادی سەلام-ی نوێ لە شاری نەجەف باشووری عێراق بەخاك سپێردراون.

بەرپرسی نووسینگەی شەهیدان و برینداران لە فیرقەی ئیمام عەلی، عەبدولحەسەن حەیدەری لە رایگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٦٧ كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و لە گوڕستانی وادی سەلام-ی نوێ بەخاك سپێردراون.

راشیگەیاندووە، ئەو ٦٧ كەسەی كە لە گوڕستانی وادی سەلام-ی نوێ بەخاك سپێردراون، ٥٥یان نیشتەجێی بەغدا، سێیان نیشتەجێی پارێزگای نەجەف، چواریان نیشتەجێی پارێزگای زیقار، سێییان نیشتەجێ پارێزگای واست و دوویان نیشتەجێی پارێزگاكانی موسەننا و دیالە بوون.

بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق تا ئێستا ٢٢ هەزار و ٧٠٠ كەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەیش ٧١٢یان گیانیان لەدەستداوە و نۆ هەزار و ٨٦٢ ی كەسی دیكەیش چاكبوونەتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×