وەزیری تەندروستی عێراق: هەفتەی داهاتو چارەسەرە روسییەكەی كۆرۆنا بەردەست دەبێت
  2020-06-19       575       

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند: دەستیان كردوە بە دروستكردنی دەرمانێكی روسی بۆ چارەسەری توشبوانی كۆرۆناو دەشڵێت: لە كۆتایی هەفتەی داهاتودا چارەسەرەكە بەردەست دەبێت.

ئاوێنە: حەسەن تەمیمی بە دەزگا راگەیاندنە رەسمییەكانی عێراقی راگەیاندوە: لەعێراق دەستكراوە بە دروستكردنی چارەسەرە روسییەكە بۆ توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لە كۆتایی هەفتەی داهاتودا بەردەست دەبێت.

پێنجشەممەی رابردوتر، روسیا پێشنیاری دەرمانێكی خستەڕو كە رەزامەندی وەرگرت بەمەبەستی بەكارهێنانی بۆ چارەسەری توشبوانی كۆرۆنا.

دوشەممەی رابردوش وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند: لیژنە راوێژكارییەكان سەرقاڵی تاوتوێكردنی ئەو دەرمانە روسییەن و دواتر لەبارەیەوە بڕیاردەدەن.

رۆژی چوارشەممەش وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی روسیا كۆبونەوەتەوە بۆ تاوتوێكردنی پڕۆتۆكۆلی چارەسەركردنی توشبوانی كۆرۆنا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×