وەزیری دارایی عێراق: ڕێکارەکانی ڕێفۆرم نه‌گرینه‌به‌ر ئابووریی وڵاتمان بەتەواوی دادەڕمێت
  2020-06-23       804       

وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، ڕایگەیاند ئەگەر ڕێکارەکانی ڕێفۆرم لە وڵاتەکەدا نەگیرێنەبەر، ئابووریی وڵاتەکە بەرەو نزمترین ئاستی دادەبەزێت و ناشتوانین بیوەستێنین.

ئاوێنه‌: عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، تیشکی خستە سەر گرنگیی چاکسازی بۆ ڕزگارکردنی ئابووریی عێراق و وتی، "چاکسازی هەر دەبێت بکرێت، ئەگەر تاوەکو ساڵی داهاتوو و لەو ساڵەدا بارودۆخەکە چاک نەکەین، تووشی هەندێک شۆکی ئابووری دەبین، کە ناتوانین چاکیشی بکەینەوە".

لەسەدا 95ی بودجە و ئابووریی عیراق پشت بە نەوت دەبەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند مانگی ڕابردوودا، نرخی نەوت بۆ خوار 20 دۆلار دابەزی، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی و توندی کردە ئابووریی عێراق و بە ڕێژەی لە سەدا 10 دایڕماند.

عەلی عەللاوی ئەرکی جێگیرکردنەوەی ئابووریی عێراقی لە کابینەکەی سەرۆکوەزیرانی نوێ، مستەفا کازمیدا پێ سپێردرا، بەڵام بە وتەی عەللاوی، دۆشداما کاتێک بینی لە خەزێنەی دەوڵەتدا بڕێکی کەم نەختینە هەیە.

وەزیرە عێراقییەکە بە فرانس پرێسی وت، "هەر حکوومەتێک دەبێت بەلای کەمەوە ئەوەندە و نیوی خەرجییەکانی یەک مانگی لە هەژمارە بانکییەکانیدا هەبێت، بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتی کتوپڕ و شۆکی ئابووری، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها لە سەدا 10ی ئەو بڕە لە بانکدا هەبووە. دەبوو 10 – 15 ترلیۆن دیناری عێراقی (زیاتر لە 12 ملیار دۆلار) هەبووایە، بەڵام تەنها دوو ترلیۆن دینار بەردەست بووە".

بەپێی ئاژانسەکە، عێراق مانگانە 4.5 ملیار دۆلار لە مووچەی فەرمانبەرانی حکوومی و بەڕێوەبردنی حکوومەتدا خەرجدەکات.

عەللاوی لەبارەی بارودۆخی دارایی وڵاتەکەوە هۆشداریدا، "بارودۆخی دارایی وڵاتەکە لە بارودۆخی ساڵانی 2005 یان 2006 خراپترە. ئێمە لە دۆخێکی قەیراناویی وجوودیی ئابووریداین".

وەزیری دارایی کابینەکەی کازمی وتیشی، "ئەگەر نرخی نەوت تاوەکو ساڵێک بەم شێوەیە بێت، خەرجییەکانیشمان وەک خۆی بمێنێتەوە، بێگومان خۆمان دەکێشین بە دیوارێکدا".

عەلی عەللاوی لەبارەی چاکسازییە ئابوورییەکان لە کابینەکەدا، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاكێشا لە سێ مانگی داهاتوودا پلانێکی چاکسازی پێشکەشی پەرلەمان دەکات، هیواشی خواست، "مووچەی پلەباڵاکان کەمبکاتەوە و فەرمانبەرانی دوومووچە ڕابگرێت و هاریکاریی لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی وەربگرێت، هەروەها داهاتە نانەوتییەکانیش گەشەپێبدات تاوەکو گۆڕانی گەورەی نرخی دراو کاریگەریی کەمتری بەسەر ئابووریی عێراقەوە هەبێت".

عەلی عەبدولئەمیر عەللاوی، ڕۆژی 7ی ئایار، لەگەڵ پێدانی متمانە بە کابینەکەی مستەفا کازمی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بووە وەزیری دارایی. یەکەمین کارەکانی کاراکردنی هێڵی کارەبای نێوان عێراق و کوەیت و سعودیە و واژۆکردنی گرێبەستێکی دووساڵە بوو لەگەڵ ئێران، تاوەکو کارەبای لێ بکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×