چوار ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لەناوچە جێناكۆكەكان دروستدەكرێن
  2020-07-05       867       

هێزی ئاسمانی عێراق ئاشكرایكرد: وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە رێككەوتون لەسەر دروستكردنی چوار ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا لەناوچە جێناكۆكەكان.

ئاوێنە: لاپەڕەی رەسمی هێزی ئاسمانی عێراق لە فەیسبوك، ئەمشەو یەكشەممە، لەزاری جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاویكردۆتەوە كە وەزارەتەكەیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق رێككەوتن لەسەر دروستكردنی چوار ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكان.

بەپێی قسەی جەبار یاوەر، چوار ناوەندەكە دەكەونە دیالە، كەركوك، مەخمور و موسڵ.

ئاماژەی بەوەشداوە كە گفتوگۆ هەیە سەبارەت بە میكانیزمی كاری ئەو ناوەندە هاوبەشانە لەنێویشیاندا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 2ی ئەم مانگە وەفدێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدایان كردو لەگەڵ وەفدی وەزارەتی بەرگری عێراق كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی کاراکردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی‌ كاری هاوبەش و ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهەنگی هاوبه‌ش كه‌ پێشتر له‌ نێوان هەردولادا هه‌بون. هەروەها باس له‌ چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كراوە به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش زیایكردوه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچەكانی مادده‌ی 140.

هه‌رله‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا، هه‌ردولا هاوڕابون له‌سه‌ر به‌رده‌وامبونی دیدارو کۆبونەوەکان و وا بڕیاریشه‌ له‌ کۆتایی ئەم مانگە وەفدێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بکات.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×