داهاتی ٢٢ خاڵی سنوری عێراق بەهەدەر دەدرێت
  2020-07-13       503       
 
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە كە پلانێكی باشیان بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی تیایاندا ئامادەكردووە.

ئاوێنه‌: لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند “لەسەر فەرمانی مستەفا كازمی هێزە ئەمنییەكان لە دەرەوازە سنوورییەكاندا خراونەتە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرانی دەرەوازە سنوورییەكان بۆ ئەوەی لەمەودوا، داهاتی دەروازە سنوورییەكان بەهەدەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجیەی وڵات”.

بوونی گەندەڵیی لە دەروازە سنوورییەكانی عێراق یەكێكە لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی كە هەوڵدراوە لە خولی پێشوو و ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەراندا یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دۆسیە یەكلایی نەكراوەتەوە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی دەروازە سنوورییەكان لە پارێزگاكانی باشووری عێراق لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی شیعەوە كۆنترۆڵ كراون.

بەهۆی ئەوەی کە ژمارەیەك لە دروازە سنوورییەکانی عێراق لەژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارەكانی شیعە دان، ماوەی چەندین ساڵە گەندەڵییەكی زۆر لەو دەروازە سنوورییانەدا دەكرێت كە بە ملیارەها دۆلار دەخەڵمێندرێت.

بەرپرسانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن كە بەهۆی بوونی گەندەڵیی لە دەروازە سنوورییەكاندا، شەش تا هەشت ملیار دۆلار، ساڵانە زیان بە عێراق دەگات.

لەئێستادا سەرۆك وەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی تەواوی هەوڵەكانی بۆ دەرهێنانی دەراوزە سنوورییەكان لەژێر كۆنترۆڵی گرووپە چەكدارەكانی شیعە خستووەتەگەڕ و بۆ ئەو مەبەستەیش پلانێكی باشی داناوە.

مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە پلانێكی باشیان داناوە بۆ ئەوەی سەرجەم دەراوزە سنوورییەكانی وشكانیی و دەریایی بخرێنە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتەوە و داوایشی لە هەموو لایەك كردووە كە هاوكاری بکەن لە سەرخستنی پلانەكەی.

ئاشكرایشی كردووە كە ئامانج لە دانانی پلانەكە بۆ ئەوەیە لەمەودوا، داهاتی دەراوزە سنوورییەكان بەهەدەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجینەی وڵات.

بۆ چەندین جار مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە دامەزراوەكانی وڵاتدا، هیچ كەمتر نییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆیە پێویستە لە سەرجەم دامەزراوەكاندا كاربە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بكرێت، چونكە ئەوە یەكێكە لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران.

دوێنێ‌ شەممە دەروازە سنوورییەكانی مەندەلی و مونزرییە لە سنووری پارێزگای دیالە بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێراندا كرانەوە و هێزێكی زۆری ئەمنیی لەو دوو دەروازەیەدا بڵاوكرانەوە.

لەئێستادا بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و راوەدوونانی گەندەڵكاران لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكاندا دەسەڵاتی زیاتر بە بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەكان دراوە.

لەسەر فەرمانی سەرۆكوەزیران هێزە ئەمنییەكان لە دەرەوازە سنوورییەكاندا خراونەتە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرانی دەرەوازە سنوورییەكانەوە

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا خالید مەحننا رایگەیاندووە كە هێزێكی زۆری ئەمنیی لە دەروازە سنوورییەكان بڵاوكراونەتەوە و رووبەڕووی گەندەڵكاران دەبنەوە بە ئامانجی ئەوەی لەمەودوا داهاتی دەروازە سنوورییەكان بەهەدەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت.

لیوا خالید مەحننا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە كردووە كە سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی فەرمانی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی داوە لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان و وتی،”هێزە ئەمنییەكان لە دەروازە سنوورییەكان رووبەڕووی گەندەڵكاران دەبنەوە بە ئامانجی ئەوەی لەمەودوا، داهاتی دەروازە سنوورییەكان بەهەندەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجینەی دەوڵەت”.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لیوا خالید مەحننا راشیگەیاندووە كە هێزە ئەمنییەكان لە دەرەوازە سنوورییەكاندا خراونەتە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەكان و بەپێی یاسا ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.

ژمارەی دەروازو سنوورییەكانی عێراق، ٢٢ دەروازەیە لەنێویاندا زرباتییە، شەلامچە، مونزرییە و شیب لەگەڵ ئێران، سەفوان لەگەڵ كوێت، تربێل لەگەڵ ئوردن، وەلید لەگەڵ سووریا، عەرعەر و عەرعەری نوێ لەگەڵ سعوودیە.

مستەفا كازمی هەوڵدەدات بە كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەكان چەند ئامانجێك بپێكێت لەوانە؛ دوورخستنەوەی گرووپە چەكدارەكانی شیعە لە دەروازە سنوورییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە دەروازە سنوورییەكان، گەڕانەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ گەنجینەی دەوڵەت و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی كە لەئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرەوڕووی عێراق بووەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×