ڤیدیۆی روتكردنەوەو سوكایەتیكردن بە گەنجێك لەلایەن هێزێكەوە، عێراقییەكانی توڕە كردوە
  2020-08-01       1699       

ئەمڕۆ شەممە، لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەعێراق، ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا گەنجێك دەردەكەوێت كە روتكراوەتەوەو كۆمەڵێك كەس بەجلی سەربازییەوە دەوریان داوەو پرسیاری لێدەكەون و قسەی سوك و ناشرینی پێدەڵێن و یەكێكیشیان بەچەقۆ قژی دەبڕێت.

ئاوێنە: لە ڤیدیۆكەدا، كە ئاوێنە بەهۆی قێزەوینییەوە خۆی بەدور دەگرێت لە بڵاوكردنەوەی، گەنجەكە لەو كەسانەی دەوریان داوە دەپارێتەوەو دەڵێت"بەخوا هەرگیز جارێكی دیكە نایەمەوە."و لەوەڵامی یەكێك لەو كەسانەدا، دەڵێت: ناوم محەمەدە.

پیاوەكانی چواردەوی محەمەد زۆر پێداگری دەكەن لەسەر ئەوەی گەنجەكە "ناوی حەرەكی"خۆییان پێ بڵێت بەڵام ئەو بەردەوام دەڵێت: "ئەوە یەكەم جارییەتی بەشداری دەكات"، پێدەچێت مەبەستی بەشداریكردن بێت لە خۆپیشاندانەكاندا.

ئەو پیاوانەی چواردەوری گەنجەكە كە جلی سەربازییان لەبەردایە، بەردەوام دەبن لە پرسیاركردن لێی و پێكەوەو لە یەك كاتدا قسەدەكەن و پاشان پرسیاری "شێوەو روخسارو جەستەی دایكی" لێدەكەن و ئەویش لەترسان بەو جۆرە وەڵامیان دەداتەوە كە ئەوان خوازیارن. 

ڤیدیۆكە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی لە عێراق توڕە كردوەو داوای لێپێچینەوە لەو كەسانە دەكەن كە بەو كارە هەڵساون.

لەبەرامبەر ناڕەزایەتی و توڕەییەكاندا، یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی رەسمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هەندێك پێگە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا كۆمەڵێك كەس بە جلی سەربازییەوە دەردەكەون كە دەستدرێژی دەكەنە سەر هاوڵاتییەك.

ئەوەشی خستۆتەڕو"مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كردوە كە دەست بە لێكۆڵینەوەی خێراو بەپەلە بكەن بۆ زانینی وردەكاری ئەو بابەتەو ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی تاوانەكە كە بەبێ سزا دەرباز نابن."

هەروەها وتوشیەتی"كازمی فەرمانیشی كردوە بۆ زانینی رێككەوتی رودانی ئەو دەستدرێژییەو دیاریكردنی شوێنەكەی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×