لەتیف شێخ مستەفا: ئەم ھەڵبژاردنەی عێراق جیاواز دەبێت لەوانەی پێش خۆی
  2020-08-02       628       
شارەزایەکی دەستوری رایدەگەیەنێت، بەگوێرەی یاسای نوێی ھەڵبژاردن ھەر قەزایەک  لە عێراقدا یەک بازنەی ھەڵبژاردنە، ھەوڵیش ھەیە بکرێت بە بازنەی بچوک تر ھێندەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان بۆیە "ئەم ھەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لەوانەی پێش خۆی".

ئاوێنه‌: لەتیف شێخ مستەفا، شارەزایەکی دەستوریی و پەرلەمانتاری خولی پێشوتری پەرلەمانی عێراق لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نوسیویەتی، "بەگوێرەی یاسای نوێی ھەڵبژاردن ھەر قەزایەک یەک بازنەی ھەڵبژاردنە ، ھەوڵیش ھەیە بکرێ بە بازنەی بچوک تر ھێندەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم ھەڵبژاردنە جیا دەبێت لەوانەی پێش خۆی، خەڵکی ھەر بازنەیەک ڕاستەوخۆ نوێنەری خۆی ھەڵدەبژێرێت، وەک تاک بۆیە لەم ھەڵبژاردنەدا کاندید زۆر گرنگە، چونکە دەبێت خەڵکی ناوچەکەی خۆی بێت و ناسراویش بێت.

لەتیف شێخ مستەفا باسی لەوەشکردوە، "ھیوادارم دەنگدەران ئەگەر بەراستی لە حیزبەکان ناڕازین زۆر وریا بن و نەکەونە داویان، حزبەکان ھەوڵ دەدەن بە سینارێۆی جیاواز ھەندێک پاڵەوان دروست بکەن و لەھەر بازنەیەکدا کەسانێک ھەڵتۆقێنن و دەنگی دەنگدەرانی پێ کۆبکەنەوە".

رونیشیکردەوە، "دەبێت خەڵک ھۆشیار بێت و جارێکی تر لەلایەن حیزبەکانەوە کڵاوی نەکرێتەوە سەر و ئەوانەی لەرابردو تەنھا مزایەدەو شەڕە دەنوکیان کردوە یان لە ئێستاوە تا ھەڵبژاردن بە ھەلوێستی تەزویر زلیان دەکەن ھەڵنەخڵەتێ، خۆی ھەوڵبدا کاندیدیکی باشی ناسراوی بازنەکەی خۆی ھەڵببژێرێت کە پێیوایە خزمەتی دەکات و بەرگری لەمافەکانی دەکات".

31ی مانگی رابردو، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا رۆژی شەشی (حوزەیران/6)ی ساڵی ئایندەی بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکرد و داوای له‌ هاوڵاتیان و لایه‌نه‌كان كرد، خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×