ژمارەیەک مووشەک لە بەغداد پوچەڵكرانەوە
  2020-08-05       494       
هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە نزیك رێگەی خێرای محەمەد قاسم رۆژهەڵاتی بەغداد، حەوت مووشەكیان پووچەڵ كردەوە كە ئامادەكرابوون بۆئەوەی ئاراستەی ناوچەی سەوز بكرێن.

ئاوێنە: لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیاكانی خۆجێی راگەیاندووە، هێزە ئەمنییەكان لە نزیك رێگەی خێرای محەمەد قاسم، دەستیان بەسەر حەوت مووشەكدا گرتووە كە ئامادەكرابوون بۆئەوەی ئاراستەی ناوچەی سەوز بكرێن.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەیش دا كە بەهۆی بوونی كێشەی هونەری، نەتواندراوە ئەو مووشەكانە ئاراستەی ناوچەی سەوز بكرێن.

باسی لەوەیش كرد كە حەوت مووشەكەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پووچەڵ كراونەتەوە.

ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاندبوو كە مووشەكێكی كاتیۆشا لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا كەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە
ماوەی چەند مانگێكە بەردەوام هێرشی مووشەكیی بۆسەر ئەو ئامانجانە لە عێراق ئەنجامدەدرێت كە دیپلۆماتكاران و سەربازانی ئەمریكا تیایدان.

واشنتۆن كەتائیبەكانی “حزبوڵڵا” عێراق و گرووپە چەكدارەكانی دیكەی نزیك لە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشە مووشەكییەكان بۆسەر ئامانجەكانی ئەمریكا لە عێراق تۆمەتبار دەكات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×