"نیوەی بەیروت وێران بوەو 300 هەزار کەس دەربەدەر بون"
  2020-08-05       986       

پارێزگاری بەیرووت رایگەیاند ''ئەو تەقینەوانەی رۆژی سێشەمە لە بەندەری بەیروت رویان دا، نیوەی پایتەختی لوبنانیان وێران کردوەو نزیکەی 300 هەزار کەسی دەربەدەر و بێ ماڵ کردووە، قەبارەی زیانە مادییەکانیش لەنێوان 3 تا 5 مليار دۆلاردایە''.



ئاوێنه‌: مەروان عەبود، پارێزگاری بەیروتی پایتەختی لوبنان ده‌ڵێت "بەهۆی تەقینەوەکەوە 250 تا 300 هەزار کەس بێ ماڵ بوون و خانوو و ماڵەکانیان کەڵکی ژیانیان تێدا نەماوە".

ئاماژەی بەوەش کرد "نیوەی روبەری پایتەختی لوبنان لەو تەقینەوە گەورەیە زیانی بەرکەوتووە، کە بەپێی ئاژانسی (فرانس پرێس) زیاتر لە 100 کوژراوو 4 هەزار برینداری لێ کەوتووەتەوە".

پارێزگاری بەیرووت تێچووی زیانەکانی ئەو کارەساتەی بە نزیکەی 3 تا 5 مليار دۆلار خەمڵاندووە، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کە ئەوان چاوەڕوانی راپۆرتی کۆتایی ئەندازیاران و پسۆرانن لەو بارەوە.

وتیشی "نیوەی بەیرووت وێران بووە، ئەمە کارەساتێکە، کە بەیرووت لە مێژووی خۆیدا بەخۆیەوە نەبینیوە".

حکوومەتی لوبنان رۆژی سێشەمە رایگەیاند، بەیرووتی پایتەخت دوای دوو تەقینەوە لە دوای یەک، کە لە بەندەری بەیرووت روویان دا، بووەتە شارێکی وێرانە، یەکێک لە تەقینەوەکان زۆر بەهێز بووە و هەورێکی گەورەی بەسەر ناوچەکەدا دروست کردووە، کە دەڵێن هاوشیوەی تەقینەوەی بۆمبای ئەتۆمییە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×