شێرکۆ میروەیس: عێراق دیراسەی وەرگرتنی هەڵوێستی توند لەدژی تورکیا دەکا
  2020-08-13       798       

شێركۆ میروەیس، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، حاڵەتیان تێپەڕاندوە و بون بە دیاردە، دەشڵێت"رایگشتی عێراق بەهەمو پێکهاتەکانەوە، دژی هێرشەکانی تورکیا جوڵاوە و داوای هەڵوێست وەرگرتن دەکات."

ئاوێنە: شێرکۆ میروەیس سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، رایگەیاند: داوایان لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کردوە، لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەفەرمی سکاڵا لەسەر تورکیا تۆمار بکات، چونکە عێراق سەقامگیری بۆ ناگەڕێتەوە و ژیانی هاوڵاتییانی باش نابێت، گەر سنورەکانی لەبەردەم مەترسی و دەستوەردانی دەرەکیدا بێت.

شێرکۆ میروەیس، ڕونیکردەوە: حکومەتی عێراق تەنها کێشەی بۆمبارانکردنی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا نییە، بەڵکو کێشەی ئاو و چەندین جۆر کێشەی تر لەنێوان هەردولادا هەیە.
وتیشی"حکومەتی عێراق دیراسەی وەرگرتنی هەڵوێستی توند لەبەرامبەر تورکیا دەکات، تا هەم پیشانی تورکیا و دونیای دەرەوەشی بدات، ئەم دەستدرێژیانە تاسەر بۆ تورکیا ناچنە سەر."

سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی سەردانی وەفدێکی باڵای تورکیا بۆ عێراق، بەهۆی هێرشی فڕۆکە تورکیەکان و کوژرانی دو ئەفسەری پۆلیسی سنوری عێراقەوە، شێرکۆ میروەیس وتی"ناکرێت تورکیا لەپێش چاوی دونیا هێرش بکاتە سەر خاکەکەت و ڕۆڵەی وڵاتەکەت شەهید بکات، کەچی پێشوازی لە وەفدیان بکەیت و قسە لەسەر بەرژەوەندیەکانی نێوان هەردو وڵات بکرێت، دەبێت حکومەتی عێراق هەڵوپستی توندی هەبێت و سنور بۆ تورکیا دابنێت."

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، باسی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراقیش بەرامبەر بە بونی هێزەکانی پەکەکە لەناوچە سنورییەکان کرد، ئەوەی خستەڕو"تورکیا دەبێت وەکو هەنگاوی یەکەم، کێشەکانی نێوماڵی خۆی چارەسەر بکات، چونکە پەکەکە دەرئەنجامی دۆخی ئاڵۆزی تورکیایە، هەروەها پێویستە پەکەکەش پاساو نەداتە دەست تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ناوچە سنورییەکانی عێراق و بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل، هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەمشێوەیەیە."

لە کۆتایی قسەکانیدا شێرکۆ میروەیس سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا کردو رونیکردەوە: ئەو وڵاتانەی هەستانەوەی عێراق و بوژاندنەوەی عێراق جێی بایەخیانە، لەگەڵ سەروەریی عێراقدان، نایانەوێ عێراق بە گرفتی لابەلای سەرسنورەوە سەرقاڵ بکرێت، تا گرفتە نێوخۆییەکانی چارەسەربکات و هەوڵی بوژاندنەوە و پێشخستنی وڵات بدات، وتیشی"تورکیا لەبری درێژکردنی دەستی هاوکاری بۆ عێراق، کەچی سنورەکانی ئاگرباران دەکات."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×