یوسف محەمەد: هەرێم لەگەڵ كازمی لەسەر دەروازە سنورییەكان رێكنەكەوێت، خراپتر بەڕێوەیە
  2020-08-13       979       

یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەرپرسیارێتی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هۆشداریشیان دەداتێ كە پێویستە واز لە "تاڵانی و قاچاخچێتی" دەروازە سنورییەكان بهێنن و بۆ ئیدارەدان و چاودێریكردنی داهاتەكانیان لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رێكبكەون، ئەگەر نا خراپتر بەڕێوەبەیە.

ئاوێنە: یوسف محەمەد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە نوسینێكدا لەژێر ناوی "كێ بەرپرسیارە" سەبارەت بە كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، رو لە  دەسەڵاتدارانی هەرێم، وتویەتی"ئاغایان، ئێوە ئامادە نین دەستبەرداری هەڵە سیاسییەکانتان بن لە شێوازی مامەڵە لەگەڵ بەغدا لەماوەی پانزە ساڵی ڕابردو و، بە بەردەوامی بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبییەکانتان کردۆتە ئەولەوییەتی کارتان لە بەغدا."

بەبڕوای یوسف محەمەد"دەرەنجامی ئەمەش هیچ یەکێک لە پرسە نیشتیمانییەکانی هەرێم لە بەغدا یەکلانەبونەتەوە. لە هەمان کاتدا ئێوە(دەسەڵاتدارانی هەرێم) کە بۆ نزیکەی سی ساڵە حاکمی هەرێمن، بە کردە سیاسی و ئابوری و چەکدارییە هەڵەکانتان، هەرێمتان گەیاندۆتە لێواری ئیفلاسبونی سیاسی و ئابوری و، لە بەرامبەر عێراق و دەرەوە تا ئاستی پاشکۆیەتی لاوازتان کردوە. هەربۆیەش بەرپرسیاری سەرەکی ئێوەن نەک خەڵکی تر و، هاونیشتیمانییانی هەرێمتان کردۆتە بارمتەی کار و هەنگاوە چەوت و شکستخواردوەکانتان و، بەردەوامیدان بەم حوکڕانییە شکستخواردوە و، درێژەدان بە گەندەڵی."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتوشیەتی"پرسی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان بۆ حکومەتی عێراق ئێستا بوەتە پرسێکی هەرەگرنگ و، ڕەنگە تەنها هەنگاوی کردەیی ئەم حکومەتە تا ئێستا هەر ئەمە بێ. کازمی لەم پرسەدا ناتوانێ هیچ نەرمییەک بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم بنوێنێ، چونکە هەر نەرمی نواندنێک لەم ڕوەوە لە شوێنەکانی تریش ڕیسەکەی ئەکاتەوە بە خوری."

وتوشیەتی"بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێم گەر بە تەنگی ژیانی هاونیشتیمانییانی هەرێمەوەن، ئەوا پێویستە واز لە تاڵانی و قاچاخچێتیی دەروازە سنورییەکان بهێنن و، بۆ ئیدارەدانی ئەم دەروازانەو چاودێری کردنی داهاتەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکبکەون، گەرنا خراپتر بەڕێوەیە."

 


کێ بەرپرسیارە؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×