سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران هه‌ره‌شه‌ له‌ ئیمارات ده‌كات
  2020-08-16       643       
سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران، لیوا محەممەد باقری، ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئاب، ڕایگەیاند بچووکترین زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بگات، لێبوردەیی بەرانبەر ئیمارات پیشاننادەین.

ئاوێنه‌: ئاژانسی هەواڵی ئیران بڵاویکردەوە کە سەرۆکئەرکانی سوپای ئێران لە کۆبوونەوەیەکی بنکەی زانیارییەکانی سەر بە سوپای پاسداران، وتوویەتی، "پەیوەندییەکانی ئیمارات وەک وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک پەسەندکراو نییە و بە ئاشکراش ڕایدەگەیەنین".

محەممەد باقری جەختی لەوەش کردەوە کە کارکردنی ئێران بەرانبەر وڵاتە دراوسێکەیان لە ڕیشەوە دەگۆڕێت، "هێزە چەکدارەکانمان حسابی جیاوازی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەبێت، ئەگەر شتێکی بچووکیش لە ناوچەی کەنداودا ڕووبدات و ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی زیانی پێدەگات، لێبوردەییش لەگەڵ ئیمارات نانوێنین".

دوێنێ شەممە، سەرۆککۆماری ئێران، حەسەن ڕۆحانی هۆشداریدایە ئیمارات لە ئەگەری کردنەوەی دەرگای ناوچەکە بەسەر ئیسرائیل، "ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکات، هەڵوێستێکی جیاوازمان دەبێت"، جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتانی کەنداویان لە پیلانی داگیرکاریی ڕژێمی بەعس پاراست.

ڕۆحانی سەرکۆنەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی ئیمارات و ئیسرائیل کرد و بە "ناپاکی" لە موسڵمانان و گەلی فەڵەستین و قودسی وەسفکرد.

ڕۆژی 13ی ئاب، ئیسرائیل و ئیمارات، بە نێوەندگیریی ئەمریکا ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و ڕاگرتنی پرۆسەی لکاندنی چەند بەشێکی کەناراوی ڕۆژاوای فەڵەستین بە خاکی ئیسرائیلەوە، هەروەها دیاریکردنی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش بۆ دەستپێکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×