حەلبوسی رەتی دەكاتەوە یاسای هەڵبژاردنەكان بخرێتە كارنامەی ئەنجوومەنی نوێنەران
  2020-09-15       362       
فراكسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی رایگەیاند كە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی رەتی دەكاتەوە یاسای هەڵبژاردنەكان، بە ئامانجی دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی، بخرێتە كارنامەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.

ئاوێنە: لەمبارەیەوە کاتع روكابی، ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا وتی، “محەمەد حەلبوسی دەڵێت كە لە ماوەكانی رابردوودا، دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكاندا دراوە و ناكرێت دووبارە دەنگی لەسەر بدرێتەوە، تا ئەو كاتەی لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە پەسەند نەكرێت و لە رۆژنامەی فەرمییدا بڵاونەكرێتەوە”.

کاتع روكابی راشیگەیاند، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی بە هێزە سیاسییەكانی راگەیاندووە كە ناتواندرێت هەمواركردنەوەی ژمارەیەك لە بڕگەكانی نێو یاسای هەڵبژاردنەكان بخرێتە دەنگدانەوە تا لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە، یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەند نەكرێت و وتی، “دەتواندرێت لە میانی پێشكەشكردنی داواكارییەك بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران كە لەلایەن ١٠٠ ئەندامی ئەنجوومەن واژووكرابێت، هەمواركردنەوەی بڕگەكانی نێو یاسای هەڵبژاردنەكان، بخرێتە دەنگدانەوە”.

لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پرۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.

پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×