عێراق… هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر پێگەکانی داعش بەردەوامە
  2020-09-20       293       
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەكان كە بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر تیرۆریستانی ئەو رێكخراوە ئەنجام دەدرێن بەردەوام لە زیادبووندایە.
 
ئاوێنه‌: لەمبارەیەوە لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵیی عێراق رایگەیاندووە كە هێرشە ئاسمانییەكان دژبە تیرۆریستانی داعش بەردەوامە و وتی، “كاری هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بواری هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق گرنگە بە تایبەتیش لە پێشكەشكردنی زانیاری هەواڵگریی”.

وتیشی، “ئەو هێرشە ئاسمانییانەی كە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعشەوە ئەنجام دەدرێن لە پاڵپشتیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، زۆر گرنگە”.

لیوا تەحسین خەفاجی ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە 2014وە لەسەر داوای حكوومەتی عێراق لەگەڵ عێراق كار دەكات لە پێناو ریشەكێشكردنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.

باسی لەوەشكرد كە هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش مەشقێكی زۆریان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردووە وتی، “ئێستا دەتوانین لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، پشت بە خۆمان ببەستین، جگە لەوەیش هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە ماوەكانی رابردوودا، ژمارەیەك بنكەی سەربازییان رادەستی سوپای عێراق كردووەتەوە كە ئەوەیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش متمانەی تەواوی بە ئەرك و توانای هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەیە”.

لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق راشیگەیاند كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش هاوبەشێكی گرنگی هێزە ئەمنییەكانی عێراقە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و وتی، “ژمارەیەكی زۆر لە شارەزایانی سەربازی سەربە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش دوای ئەوەی مەشق و راهێنانانی بە هێزە ئەمنییەكان كردووە، عێراقیان جێهێشتووە”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×