گۆڕان: هەوڵەكەی مەلا بەختیار لەتۆمەتدانە پاڵ نەوشیروان مستەفا ریسوادەكەین و بەبەڵگە بەرپەرچی دەدەینەوە
  2020-09-21       1015       

بزوتنەوەی گۆڕان پێی وایە مەلا بەختیار لە كتێبی "لەبری بیرەوەری"دا كۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیكایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ نەوشیروان مستەفاو جەختیش دەكاتەوە ئەوان وەك بزوتنەوەی گۆڕان بەهەمو توانایەكەوە ئەو هەوڵەی مەلا بەختیار ریسوا ئەكەن و بەرپەرچی دەدەنەوە ئەوەش لە رێگەی دەرخستنی راستییەكان و بڵاوكردنەوەی ئەو هەمو بەڵگانەی لەبەردەستیاندان لە ئایندەیەكی نزیكدا.

ئاوێنە: بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا بۆ رایگشتی، رایگەیاند"دوای بڵاوبونەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) مەلا بەختیار، کە کۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە مێژو سەلماندویەتی یەکێک بوە لە ڕابەرە هەرە دیارو کاریگەرەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و قەڵەمێکی بەبڕشت و ڕاستگۆی دنیای ئەدەب و فکرو رۆشنبیری  و سیاسەت بوە، لەمیدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەڵکی ڕاستگۆو پێشمەرگە دێرینە تێکۆشەرەکان و شاهیدحاڵی ڕوداوەکان و خەڵکانی دڵسۆز و بەئەمەك، ئەم حیکایەتە ساختەی ناوەڕۆکی کتێبەکەو چاوپێکەوتنەکەی ناوبراویان لە کەناڵی روداو پێ قبوڵ نەکراو، هەر یەکە بەشێوازی تایبەتی خۆی، هەوڵی ڕاستکردنەوەیان دا."

وتوشیەتی"وەستانەوە بەڕوی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستی و بوختان و حیکایەت داتاشینەی مەلا بەختیارو هاوچەشنەکانی، کە دەیانەوێت لەپاڵ باسکردنی مێژویەکی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فکری و سیاسیە گەورەکەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژوو ویژداندا پاکبکەنەوە، بە ئەرکی هەمو مرۆڤێکی راستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین، چونکە جورئەتکردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی کۆمەڵێک بوختانی  بێبنەماو تەشهیرکردن بەسەرکردەیەکی دەستپاک و مێژو پاکی وەک نەوشیروان مستەفاو خۆنەپاراستن لە بێڕیزیکردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی رابردودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر روبەروی نەوەستینەوە."
جەختیشی كردۆتەوە"ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفاو مێژوە پڕشانازیەکەی و خەباتی هاوسەنگەرو هاوڕێیانی، لەهەمانکاتدا رایدەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو گۆڕانخوازان و کەسانی دڵسۆزو راستگۆو خەمخۆری نیشتمان، بەهەمو توانایەکەوە، ئەو هەوڵە ریسوائەکەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنەڕوو دەرخستنی راستیەکان و هەمیش لە رێگای ئەو هەمو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوئەکرێنەوە."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"دەبێ ئەو راستیە بزانین، کە ئەو رقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژوەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژو رونبکەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین."

دەقی رونكردنەوەكە... 

ڕونکردنەوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ رای گشتی کوردستان

دوای بڵاوبونەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) مەلا بەختیار، کە کۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە مێژو سەلماندویەتی یەکێک بوە لە ڕابەرە هەرە دیارو کاریگەرەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و قەڵەمێکی بەبڕشت و ڕاستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیری  و سیاسەت بوە، لەمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەڵکی ڕاستگۆو پێشمەرگە دێرینە تێکۆشەرەکان و شاهید حاڵی ڕوداوەکان وخەڵکانی دڵسۆز و بەئەمەك، ئەم حیکایەتە ساختەی ناوەڕۆکی کتێبەکە و چاوپێکەوتنەکەی ناوبراویان لە کەناڵی روداو پێ قبوڵ نەکراو، هەر یەکە بەشێوازی تایبەتی خۆی، هەوڵی ڕاستکردنەوەیان دا.

نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە رابەر و سەرکردە گەورەکانی میلەتەکەمان و لە هەمو قۆناغەکانی ژیانیدا، خەمخۆرانەو راستگۆیانەو خۆنەویستانە، کاری بۆ ئازادی و عەدالەت و رزگاری کردوە. ئەو چ لە قۆناغی شاخدا، وەک سەرکردەیەکی کارامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە، وەک ئەندازیار و رابەری راپەڕینی ١٩٩١، وەک پلاندانەری پرۆسەی ئاشتی و رێکەوتنەکانی نێوان دو هێزی شەڕکەری یەکێتی و پارتی، وەک کەسایەتیەکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی دوای راپەڕین و دوای روخانی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستور و پەیکەری نوێی عێراق، وە چ لە قۆناغی دامەزراندن و بەڕیخستنی بزوتنەوەی چاکسازی و گۆڕانخوازی، بزوتنەوەی گۆڕان، هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی  دیموکرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماکانی عەدالەت و رێز لە مافی مرۆڤ. بۆیە وەستانەوە بە ڕوی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستی و بوختان و حیکایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەکانی، کە دەیانەوێت لەپاڵ باسکردنی مێژویەکی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فکری و سیاسیە گەورەکەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژو و ویژداندا پاکبکەنەوە، بە ئەرکی هەمو مرۆڤێکی راستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین، چونکە جورئەتکردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی کۆمەڵێک بوختانی  بێبنەماو تەشهیرکردن بەسەرکردەیەکی دەستپاک و مێژو پاکی وەک نەوشیروان مستەفا، وە خۆنەپاراستن لە بێڕیزی کردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی رابردودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر روبەروی نەوەستینەوە.

ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفا و مێژوە پڕشانازیەکەی و خەباتی هاوسەنگەر و هاوڕێیانی، لەهەمانکاتدا رایدەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو گۆڕانخوازان و کەسانی دڵسۆز وراستگۆو خەمخۆری نیشتمان،  بەهەمو توانایەکەوە، ئەو هەوڵە ریسوائەکەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنە رو ودەرخستنی  راستیەکان و هەمیش لە رێگای ئەو هەمو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوئەکرێنەوە.

دواجار دەبێ ئەو راستیە بزانین، کە ئەو رقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژوەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژو رونبکەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢١/٩/٢٠٢٠


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×