سەرۆكی دادگای سلێمانی و سەنتەری میترۆ كێشەكانی رۆژنامەنوسان تاوتوێ دەكەن
  2020-09-21       412       

ئەمڕۆ دوشەممە، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی و وەفدێكی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان، كێشەكانی تایبەت بە رۆژنامەنوسانیان تاوتوێ كردو سەرۆكی دادگا رایگەیاند: هەبونی ڕۆشنبیری یاسایی و ڕەنگدانەوەی لەکاری ڕۆژانەیاندا، کاریگەری باشی دەبێت لە کەمکردنەوەی کێشەکانی ڕۆژنامەنوسان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی دادگای سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە ٢٠٢٠/٩/٢١، دادوەر جاسم جەزا جافر، سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەدیدارێکدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە کەموکوڕی و کەلێنەکانی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و کۆمەڵێک کێشەی تایبەت بە ڕۆژنامەنوسان بەتایبەت ڕاگرتنی ڕۆژنامەنوسان (توقیف) لەلایەن دادوەرانی دادگاکانی لێکۆڵینەوە.

لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا سازدانی دیدارو دیبەیت لە نیوان ڕۆژنامەنوسان و دادوەران و یاساناسان بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری یاسایی و زانینی شێوازی کارکردن و سنوری یاسایی هەر لایەک بە گرنگ زانراو سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند، هەبونی ڕۆشنبیری یاسایی و ڕەنگدانەوەی لەکاری ڕۆژانەیاندا، کاریگەری باشی دەبێت لە کەمکردنەوەی کێشەکانی ڕۆژنامەنوسان و دەبێتە ھۆی دروستبوونی لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبونەوەی زیاتر.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×