بەرهەم ساڵح داوای پێكهێنانی هاوپەیمانییەك بۆ دژایەتی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارەی بەتاڵانبراو دەكا
  2020-09-23       436       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاكو بێگەردو پێکھێنانی ھاوپەیمانییەكی  نێودەوڵەتی بۆ گەندەڵی و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌ی بە تاڵانبراو كرد كە بە وتەی ئەو عێراق گیرۆدەی مەترسییەكی كوشندەتر لە كۆرۆنا بوە، ئەویش پەتای گەندەڵییە.

ئاوێنە: بەرھەم ساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٣ لە شاری بەغداوە لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفڕانس، وتاری عێراقی لە خولی ٧٥ی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئەمە یەكەمجارە لە مێژوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا لە دورەوە (بە ڤیدیۆ كۆنفڕانس) بەیەكەوە كۆدەبینەوە.. کۆبونەوەکەمان لە ئان و ساتێكدایە كە مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا، باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ھەمو مرۆڤایەتی.

ئاماژەی بەوەشدا كە ئێستا و بەر لەسەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، عێراق گیرۆدەی مەترسییەكی كوشندەتر بوە، ئەویش پەتای گەندەڵییە كە مەترسییەكانی بۆ سەر جیهان لە مەترسی كۆرۆنا كەمتر نییە.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێکھێنانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گەندەڵی ھاوشێوەی ھاوپەیمانی دژی تیرۆر و بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی پارە بەتاڵانبراوەكان و وشككردنی سەرچاوەكانی پارەداركردنی تیرۆریست و توندڕەوان و كۆتاییهێنان بە گەندەڵی كە شادەماری ئابورییە سیاسییەكەی توندوتیژی و تیرۆرن.

بەرھەم ساڵح ئاماژەیکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەیەی پاكو بێگەرد‌ لە ساڵی ئایندەدا که‌ بە گوێرەی یاسایەكی نوێ بەڕێوەبچێت، بتوانێت نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانەتر بۆ هاوڵاتییان دەستەبەر بكات، ئەمەش لە پێناو هێنانەدی ئەو بەڵێنەی بە جەماوەری خۆپێشاندەرمان داوە كە چاویان لە پتەوكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافە رەواكانی گەلە لە گەیشتن بە ژیانێكی شكۆدارانەی ئازاد، بەو ئامانجەی لە وڵاتەكەی خۆیاندا دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەستبن، حكومەتیش رەنگدانەوەی ویست و ئیرادەی ئەوان بێت و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت و هیوا و ئاواتەكانیشیان بێنێتەدی.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا وتی: ئەركی سەرشانمانە ئاوارە و كۆچبەرەكان بگێڕینەوە سەر زێدی خۆیان، چیشمان لە دەست بێت بۆیان بكەین، لەمەشدا پێویستیمان بە پشتیوانی دۆستەكانمان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دەبێت لە پاڵپشتیكردنی ئەو هەوڵ و كۆششانەی لەو پێناوەدا دەیكەین.

سەرۆک کۆمار لە وتارەکەیدا باسی لەوەشکرد دەمێكە عێراق گیرۆدەی جەنگ و گەمارۆ و كاولكاری و تیرۆرە، دەمێكە سەروەری خاكەكەی پێشێل دەكرێت، عێراقێكی خاوەن سەروەری تەواو، دەتوانێت ببێتە تان و پۆیەك بۆ بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە، لە توانایدایە ببێتە چوارچێوەیەك بۆ كۆی سیستەمێكی ناوچه‌یی كە لەسەر بنەمای هاریكاری ئابوری و ئەمنی هاوبەش دابمەزرێت لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی لە ناوچەكەدا.

سەرۆک كۆمار ئەوەشی دوپاتکردەوە پڕۆژە نیشتمانییەكەمان چەسپاندنی پێگەكانی دەوڵەتێكه‌ كە سەروەری یاسا بسەپێنێت و مافی هاوڵاتییەكانیشی بپارێزێت، نامانەوێت وڵاتەكەمان ببێتە گۆرەپانی ململانێی نێوان لایەنە ناكۆكەكان و یەكلاییكردنەوەی كێشەكانیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×