رۆیتەرز: هەناردەی نەوتی ئێران لەم مانگەدا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردوە
  2020-09-25       716       

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، وێڕای سزاكانی ئەمریكا، هەناردەی نەوتی ئێران لەم مانگەدا بەراورد بە مانگی رابردو بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردوە.

ئاوێنە: ئاژانسەكە، ئەمڕۆ هەینی، بە پشتبەستن بە ئامارەكانی سێ كۆمپانیای چاودێرییەكەری گواستنەوەی نەوت، لەوانە "تانكەرتراكەرز"، رایگەیاندوە، هەناردەی نەوتی ئێران لەمانگی ئەیلولدا بەراورد بە مانگی رابردو، بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردوە.

كۆمپانیای "تانكەرتراكەرز" بە ئاژانسەكەی وتوە: هەناردەی نەوتی ئێران لەم مانگەدا بەراورد بە مانگی رابردو، بۆ دو هێندە زیادی كردوەو لەسەدا 11ی ئەو نەوتەشی هەناردەكراوە نەوتێكی خاوی زۆر سوك بوە.

ئابوری ئێران لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سزا تاكلایەنەكانی ئەمریكاوە زیانی زۆر بەركەوتوە.

سەمیر مەدەنی، كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی "تانكەرتراكەرز" بە رۆیتەرزی وتوە: هەناردەی نەوتی ئێران لە ئێستادا زۆر بەرزبۆتەوەو گەیشتۆتە نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە ئەوەش لە ماوەی یەك ساڵ و نیوی رابردودا بێ پێشینە بوە.

ئامارەكانی دو كۆمپانیاكەی دیكەش كە رۆیتەرز پشتی پێ بەستون باسیان لەوە كردوە كە هەناردەی نەوتی ئێران لەم مانگەدا زیادیكردوە بەڵام بەو ئاستە نا كە تانكەرتراكەرز ئاماژەی پێداوەو یەكێك لە كۆمپانیاكان باسی لەوە كردوە كە هەناردەی نەوتی ئێران لانیكەم 100 هەزار بەرمیلی رۆژانەی لەم مانگەدا زیادكردوە.

رۆیتەرز نوسیویەتی، هەرچەندە زیادكردنی 100 هەزار بەرمیل هەناردەی رۆژانەی نەوت زۆر كەمترە لەوەی تانكەرتراكەرز باسی كردوە بەڵام هێشتا بۆ ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران كە لەم دو ساڵەی دواییدا لە دو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە هاتبوە سەر 100 تا 200 هەزار بەرمیل، ژمارەیەكی بەرچاوە.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×