نوسینگەی نوری مالیكی رەتیدەكاتەوە هیچ جوڵەیەكی سەربازی هەبێت بۆ روخاندنی حكومەتەكەی كازمی
  2020-09-26       501       

نوسینگەی رۆژنامەوانی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رەتیدەكاتەوە هیچ جموجوڵێكی سەربازی هەبێت بۆ روخاندنی حكومەتەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق.

ئاوێنە: هیشام روكابی، بەڕێوەبەری نوسینگەی نوری مالیكی لە تویتێكدا رایگەیاند، لەدیداری لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان كە لە چەند رۆژی رابردو بەڕێوەچوە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران، هیچ تۆمارێك یاخود بەڵگەیەكی نەخستۆتەڕو سەبارەت بەوەی كە گوایە جموجوڵێك هەبێت بۆ روخاندنی حكومەتەكەی.

روكابی جەختیشی كردۆتەوە ئەوەشی لەلایەن هەردو كەناڵی "ئەلعەرەبیە"و "ئەلحوڕە"وە لەوبارەیەوە باس كراوە دورە لە راستییەوە، چونكە هەمو لایەك پەرۆشن بۆ سەقامگیری دور لە شێواندنی دۆخەكەو لاوازكردنی دەوڵەت.

لەلای خۆیشییەوە عەدنان ئەسەدی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاندوە، ئەوەی كەناڵی "ئەلعەرەبیە" باسی كردوە گوایە جموجوڵێكی سەربازی هەیە كە لەلایەن مالیكی و هادی عامری-یەوە سەرپەرشتی دەكرێت بۆ روخاندنی حكومەتەكەی كازمی، دورە لە راستییەوەو لە دیدارەكەشدا هیچ بەڵگەیەك لەوبارەیەوە نەخراوەتەڕو.

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی: مالیكی و عامری، ئەگەر بیانەوێ كۆتایی بە هەر حكومەتێك بهێنن كە خزمەتی گەل نەكات و دور بكەوێتەوە لە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانی، ئەوا بۆ ئەوە پەرلەمان و میكانیزمە دەستورییەكان هەن و پێویستیان بە جوڵەی سەربازی نییە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×