لە هێرشە موشەكییەكەی ئەمڕۆی بەغدادا پێنج كەس كوژراون
  2020-09-28       911       

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، لە هێرشە موشەكییەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی بەغدادا، پێنج كەس كوژراون  كە سیانیان منداڵن و دوانەكەی دیكە ئافرەتن و دو منداڵیش برینداربون.

ئاوێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، كەمێك لەمەوبەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، دەرچوانی لەیاسا هەڵساون بە ئەنجامدانی تاوانێكی ترسنۆكانە لەناوچەی "بوشەعبان"ی قەزای رەزوانییە لە بەغدا و بە دو موشەكی كاتیۆشا ماڵی خێزانێكیان كردۆتە ئامانج و لە ئاكامدا پێنج كەس كوژراون كە سیانیان منداڵ و دوانەكەی دیكەیان ئافرەتن و هەروەها دو منداڵی دیكەش بریندار بون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە هاویشتنی موشەكەكان لە ناوچەی "حەی جیهاد"ەوە بوە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانیكردوە بە دەستگیركردنی ئەو هێزە ئەمنیانەی ئەركی ئەو ناوچەیەیان پێسپێردراوە بەهۆكاری ئەوەی كەمتەرخەم بون لە ئەركەكانیاندا و هەروەها بڕیاریشیداوە هەر هێزێكی ئەمنی رێگە بەو جۆرە پێشێلكارییانە بداتە سزادەدرێت و فەرمانیشی كردوە بە لێكۆڵینەوەی خێرا لە روداوەكەو شوێنپێهەڵگرتنی ئەنجامدەرانی.

بەگوێرەی بەیاننامەكە كازمی جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە سەرجەم هێزە ئەمنییەكان هەوڵە هەواڵگرییەكانیان چڕبكەنەوە بەمەبەستی دانانی سنورێك بۆ ئەم جۆرە تاوانانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×