یەکەم دیبەیتی نێوان ترەمپ و بایدن: هەردوولا بەچڕی سیاسەتی نێوخۆیییان تاوتوێکرد
  2020-09-30       489       
بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیار وایە لە ٣ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن رووبەڕووی یەک بوونەوە و دیبەیتەکە زیاتر تیشکی خستبووە سەر سیاسەتی نێوخۆیی ئەمریکا.

ئاوێنە: بە بەڕێوەبردنی کریس واڵاس، پێشکەشکاری کەناڵی فۆکس نیوز، ئەمڕۆ کاتژمێری ٤ی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، دیبەیتی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان و جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیار وایە لە ٣ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، بەڕێوەچوو.

هاوکات لە دیبەیتەکەدا ژمارەیەک تەوەر لەلایەن هەردوو کاندیدەکەوە قسەی لەسەر کرا، هاوکات دیبەیتەکە بە شێوەی راستەوخۆ بڵاوکرایەوە. لە سەرەتادا تەوەری دامەزراندنی دادوەری دادگای باڵا گفتوگۆی لەسەرکرا.

لە دیبەیتەکەدا هەردوولا بە شێوەیەکی چڕ رەخنەیان لەیەکدی گرت و بە بەردەوامی قسەی یەکتریان بڕییەوە، لەبەرامبەر هۆشدارییەکانی پێشکەشکاری دیبەیتەکە، بایدن رایگەیاند، “قسەکردن لەگەڵ ئەم پالیاچۆیە زۆر سەختە. داوای لێبوردن لەو خەڵکە دەکەم”.

تەوەری دووەمی دیبەیتەکە پەای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوو، لەو بارەیەوە بایدن، دۆناڵ ترەمپ-ی بە تۆمەتی گیان لەدەستدانی ٢٠٠ هەزار کەس تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، “تا ئێستاش ترەمپ پلانێکی لە دژی پەتاکە نییە”.

لەبەرامبەردا ترەمپ بەهۆی گیان لەدەستدانی خەڵکی ئەمریکاوە چین-ی تۆمەتبار کرد و بە بایدن-ی راگەیاند، “گەر گوێمان لەئێوە گرتبا، ئێستا نەوەک ٢٠٠، بەڵکو ٢ ملیۆن خەڵک لە ئەمریکا گیانی لەدەستدابوو”.

لەلایەکی دیکەوە بایدن رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ خراپترین سەرۆکی ئەمریکا بووە و لەبارەی رەگەزپەرستی لە ئەمریکا وتی، “ئێمە هەمیشە لایەنگیری یەکسانی بۆ خەڵک بووین، لەوانەیە هیچ کاتێک نەمانتوانی لەمە سەربکەوین بەڵام وەکو ترەمپ وازمان لەو ئامانجە نەهێنا و بەردەوام بووین لە هەوڵدان”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×