كاروانێكی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە باشووری عێراق بە مووشەک كرایە ئامانج
  2020-10-02       478       
سوپای عێراق رایگەیاند، کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە باشووری وڵات بە مووشەک کراوەتە ئامانج.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیایەک کە گرێبەستی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بەمەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی بە مووشەکێک لە ناوچەی شوملی لە پارێزگای دیوانییە باشووری وڵات کراوەتە ئامانج.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە مووشەکەکە نەتەقیوەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، کە هێرشەکە تەنها زیانی بە یەکێک لە بارەکانی کاروانەکە گەیاندووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

لەوەتەی مانگی تەمووزی رابردووەوە تاوەکو ئێستا چەندینجار کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.

ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لەنێویاندا حزبوڵڵا بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×