ئەمریكا پاكێجێكی نوێی سزایی بۆ سه‌ر ئێران ئاماده‌كردوه‌
  2020-10-08       877       

سەرچاوەیەك لە حزبی كۆمارییەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، كۆشكی سپی لە ئامادەكردنی پاكێجێكی سزایە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەسەر كەرتی دارایی ئێراندا بیسەپێنێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تشرینی یەكەم سەرچاوەیەك لە حزبی كۆمارییەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەمریكا سەرقاڵی ئامادەكردنی پاكێجێكی نوێی سزایە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر كەرتی دارایی وڵاتی ئێراندا بیسەپێنێت.

باس لەوەش كراوە لەو هەنگاوەیدا ئەمریكا دەیەوێت بە تەواوی ئێران لە سیستمی دراوی جیهانی دابڕێت، پێشتر لە ڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە ئەمریكا بەنیازی دووبارە سەپاندنەوەی سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا بوو، بەڵام كۆدەنگی لەسەر ئەو نیاز و داوایەی ئەمریكا دروست نەبوو.

لە هەفتەی ڕابردوودا بەهای دراوی ئێران بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی، تەنانەت بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بوو بە زیاتر لە 3 ملیۆن تمەنی ئێرانی، پێشبینیش دەكرێت بەو سزا نوێیانەی ئەمریكا زیانی گەورە بە بەهای دراوی ئێران بكەوێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×