یوسف محه‌مه‌د: هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به خواستی خۆیان بێت
  2020-10-15       535       

یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عیراق، رایگه‌یاند، هه‌ندێك له‌ هێز و كوتله‌ سیاسیه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن به‌ جۆرێك دابه‌شبكه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ خواستی خۆیاندا یه‌كبگرێته‌وه‌ و له‌و رێگه‌یه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنیان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو مسۆگه‌ر بكه‌ن.
 
ئاوێنه‌: یوسف محه‌مه‌د، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌: ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ ده‌یانه‌وێت جوڵانه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بقۆزنه‌وه‌ كه‌ بووه‌ هۆی لابردنی كۆسیۆنی پێشووی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كار ده‌كه‌ن بۆ گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنی كۆمسیۆنی ئێستا.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، سێ هۆكاری سه‌ره‌كی دیاریكردووه‌ كه‌ رووبه‌رووی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێته‌وه‌، یه‌كه‌میان ساخته‌كاری، دووه‌میشیان به‌كارهێنانی پاره‌ و سێهه‌میشیان بوونی چه‌كه‌ له‌ ده‌ستی به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان، له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

یوسف محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردی به‌ پێویستزانیوه‌ كه‌ دوور بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، داواشیكردووه‌ چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان چاودێری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكه‌ن.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، رۆژی 6ی ئازاری 2021ی بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ دیاریكردووه‌، كه‌ به‌پێی یاسای نوێی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت و عیراق به‌سه‌ر 83 بازنه‌دا دابه‌شكراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×