سەرۆكی هەرێم كوشتنی گەنجەكانی فەرحاتییە شەرمەزار دەكات
  2020-10-18       431       
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بەتوندی شەرمەزاری كوشتنی 8 گەنجی لە شارەدێی فەرحاتییە لە سنوری شارۆچكەی بەلەد لە باشوری پارێزگای سەڵاحەدین كرد و هاوخەمی خۆشی بۆ كەسوكاری قوربانیان دەربڕی.

ئاوێنە: سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوایكرد دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت دەستوبرد بكەن لە دۆزینەوەی ئەو لایەن و گرووپانەی لە پشت كوشتنی گەنجەكانەوە بوون.

وتیشی: ئەركی هەموو لایەنەكانە هاوكار و پاڵپشتی حكومەت بن بۆ دانانی سنورێك بۆ تاوان و دەستدرێژی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان و دامودەزگاكان.

هاوكات ئەمڕۆ یەك شەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێك گەیشتە شارەدێی فەرحاتیە لە سنوری شارۆچكەی بەلەد لە باشوری پارێزگای سەڵاحەدین.

كازمی گەیشتە فەرحاتیە و بەشداریكرد لە پرسەی ئەو 8 گەنجەی دوێنێ گولەباران كران لە فەرحانیە لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە.

بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە پارێزگاری سەڵاحەدین لەوێ لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسە ئەمنیی و سەربازییەكان و حكومییەكاندا كۆبووەوە.

كازمی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لە پارێزگاریكردن لە هاووڵاتیان كردەوە.

وتیشی: بە هیچ ناو و شێوەیەك بوار و شوێنی گەڕانەوەی تیرۆر نییە، دەشبێت هاووڵاتیانی سەڵاحەدین بپارێزرێن.

سەردانەكە بۆ لێكۆڵینەوەیە لە كوشتنی 8 گەنج لە شارەدێی فەرحاتیەی باشوری پارێزگای سەڵاحەدین دوای رفاندنیان لەلایەن گروپێك چەكداری نەناسراوەوە لەگەڵ چوار گەنجی دیكە كە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×