بۆ كۆسرەت رەسول عەلی, نەخۆشخانەی پار هی خەڵكە، بیدەوە!
  2020-10-21       4123       

چەند رۆژێك پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی سوپاسنامەیەكی فەرمی ئاراستەی نەخۆشخانەی پار كرد. وەزارەتی تەندروستی لە سوپاسنامەكە دەستخۆشی لە نەخۆشخانەی پاری تایبەت دەكا بۆ ئەوەی گوایە ٥ شوێنی خەواندنی نەخۆشی بە خۆڕایی دابینكردوە بۆ هاوڵاتیان.
ئێمە لێرەوە ڕایدەگەینین كە ئەو نەخۆشخانەیە هەموی هی خەڵكی كوردستانە و پێویستە نەك تەنها ٥ قەڕوێڵەی بەڵكو هەموی بگەڕێندرێتەوە.
نەخۆشخانەی پار لەسەر ئەرزی گشتی و بە پارەی خەڵكی كوردستان دروستكراوە، هاوكات سەرەتا بەناوی خێرخوازییەوە دروستكرا، لەوەش كارەساتبارتر، خاوەنەكانی ئەو نەخۆشخانە زەوتكراوە بەناوی پێشكەشكردنی خزمەتی خۆڕایی بۆ قوربانیانی ئەنفال و خێزانی شەهیدانەوە لە حكومەت وەرگرت.
ئەو بەڵگانەی لەبەردەست ئێمەدان دەیسەلمێنن كە بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەكە، خاوەنەكەی زیاتر لە پێنج ملێۆن دۆلاری لە پارەی گشتی و لە بودجەی تەندروستی سلێمانی وەرگرتوە! بۆیە تەرخانكردنی تەنها ٥ تەختەی خەواندنی نەخۆش لە لایەن بەرپرسانی نەخۆشخانەكەوە سوكایەتیەكی گەورەیە بە تەواوی خەڵكی كوردستان و خێزانی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و خەباتی رەوای میللەتەكەمان.
لێرەوە داوا لە كۆسرەت ڕەسول و خیزانەكەی دەكەین كە تا زوە ئەو نەخۆشخانەیە بگەرێنێتەوە كەرتی گشتی و بیداتەوە خاوەنە راستەقینەكەی كە خەڵكی كوردستانە.
داواش لە وەزارەتی تەندروستی دەكەین لە باتی دەستخۆشی، سزای ئەوانە بدا كە موڵكی گشتی داگیردەكەن، هاوكات داوا دەكەین ئەو نەخۆشخانەیە بە خۆڕایی و بێبەرامبەر بۆ چارەسەری نەخۆشەكانی كۆرۆنا بەكاربهێنرێ.
بە پێچەوانەوە وەكو تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی هەمو ڕێگا مەدەنی و یاساییەكان دەگرینە بەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەو نەخۆشخانە زەوتكراوە بۆ موڵكی گشتی خەڵكی كوردستان.


تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×