ڕێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر گازندە و ڕەخنەی توندی لایەنە ناوخۆیییەکان بەرانبەر بە دەوڵەتی ڕۆحانی و ڕایانگەیاند: ڕەخنەگرتن لەگەڵ سووکایەتیکردن دوو شتی جیاوازن و سووکایەتیکردن حەرامە نەخوازەڵا ئەگەر سووکایەتی بە بەرپرسانی حکوومی بکرێت.
ئهمڕۆ شەممە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لەگەڵ تیمی دەوڵەت و بەرپرسانی ژووی کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا كۆبووهوه و چەند خاڵێکی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و زەروورەتی پاراستنی یەکڕیزیی لایەنە نێوخۆیییەکان ئاشکرا کرد.
ڕێبەری باڵای ئێران لەبارەی ئەو ڕەخنە توندانەی بەرانبەر بە دەوڵەت گیراون و زۆر جار بووهتە سووکایەتیکردن بە دەوڵەت و كهسی سەرۆککۆماری ئێران ڕایانگەیاند: بە ئاشکرا پێتان دەڵێم کە سووکایەتیکردن لەگەڵ ڕەخنەگرتن دوو شتی جیاوازن و سووکایەتی کردن قبووڵ کراو نییە نەخوازەڵا ئەگەر سووکایەتییەکە بە بەرپرسانی باڵای حکوومی بکرێت.
ئایەتوڵا خامنەیی وتیشی، لە ئێستادا وڵاتی ئێران زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەیە بۆیه سەرجەم لایەنەکانی بو کاری پێکەوەیی و تەگبیرکردن لە پێناو تێپەڕاندنی دۆخی سەختی ئابووری لە سەردەمی کۆرۆنا بانگهێشت کرد.
ڕێبەری باڵای ئێران سوپاسی ژووری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناشی کرد و داوای لە بەرپرسانی پێوەندیدار کرد زیاتر مشووری کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا بخۆن کە دۆخێکی سەختی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە و بەو مەبەستەش پێویستە چارەسەر و ڕێگاچارەی تازە بدۆزرێتەوە و هەموو لایەنەکان و هاووڵاتییانیش یارمەتیدەری تیمی ژووری کۆنتڕۆڵی کۆرۆنا بن.
لای خۆیەوە سەرۆککۆماری ئێرانیش ڕاپۆرتێکی لەبارەی هەنگاوە جێبەجێکراوەکانی دەوڵەت لە ماوەی ڕابردوودا پێشکەش کرد و سوپاسی پشتگیرییەکانی ڕێبەری باڵای ئێرانی کرد.
لە لێدوانێکیشدا وەزیری تەندروستیی ئێران ستایشی هەڵوێست و پشتگیریی ڕێبەری باڵای ئێرانی کرد و ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕێنمایییە پێشووەکانی ئەو ژوورە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کۆرۆنا ڤایرۆس پێشکەش کرد.