لەسنوری ئاکرێ گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەکەکەو پێشمەرگە ڕویدا
  2020-10-26       1201       

لە دوێنێوە هەندێك گرژی و ئاڵۆزی لە سنوری شارەدێی دینارتە لە سنوری شارۆچكەی ئاكرێی پارێزگای دهۆك لە دەڤەری بادینان روویانداوە.

ئاوێنە:بەپێی زانیارییەكان شەوی ڕابردودا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند بارەگایەكی پەكەكەیان لە سنوری دینارتە بۆردومانكردووە، بەڵام لەبارەی زیانە گیانی و ماڵییەكانەوە هیچ زانیارییەك بڵاونەكراوەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە دوێنێ هێزێكی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رەوانەی ناوچەی گارێ كرا لە سنووری دینارتە.
بەپێی سەرچاوەیەكی نزیكی هێزی پێشمەرگە، ئەو هێزە بۆ پاراستنی گوندنشینەكانی ناوچەكە كە دەبنە قوربانی لە نێوان شەڕی پەكەكە و توركیادا چوونە سنورەكە و لەوێ جێگیربوون.

سەرچاوەیەكیش وتویەتی: دوێنێ لە كاتی دانانی بازگەیەكدا لەلایەن پێشمەرگەوە، گەریلاكانی پەكەكە تەقەیان لە پێشمەرگە كردووە و پێشمەرگەش وەڵامی داونەوە.

سەرچاوەكە وتی: روبەڕوبونەوەكە هیچ زیانێكی نەبووە و زوو كۆتایی پێهاتووە و ئێستا رەوشەكە ئارامە.

میدیاكانی پەكەكە بڵاویانكردەوە ئەو ناوچەیەی هێزی پێشمەرگەی بۆ رەوانە كراوە ناوچەی هەرێمی گەریلاكانە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا شەڕی پەكەكە و توركیا چڕبووەتەوە و زیانێكی زۆری گیانی و ماڵی بەر دانیشتوانی ناوچە سنورییەكان گەیشتووە.

بەهۆی ئەو شەڕانەوە چەند جارێكیش هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق جوڵەیان پێكراوە لە ناوچە سنورییەكان و گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×