بەشیر حەداد: دواکەوتنى 320 ملیار دینارەکەی هەرێم پەیوەندى بەوەوە هەیە لە بەغداش موچە دوادەکەوێت
  2020-11-03       747       

جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان  و حکومەتی فیدڕاڵ و پرسی ناردنى 320 ملیار دینارەکەی هەرێم رایگەیاند، لەئێستادا موچەی فەرمانبەرانی بەغداش دواکەوتوە و هەرکاتێک دابەشکردنی موچە لە عێراق دەستپێبکات، پارەکەی هەرێمیش رەوانە دەکرێت.

ئاوێنه‌: بەشیر حەداد، جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، دواکەوتنى ناردنى 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان پەیوەندى بەوەوە هەیە لە بەغداش موچە دوادەکەوێت، بەڵام هەرکاتێک موچەی فەرمانبەرانی عێراق دابەشکرا، پارەکە بۆ هەرێمیش دەنێردرێت.  

پەیوەست بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش ئاماژەی بەوەکرد، "پەیوەندى هەرێم و بەغدا گەیشتووەتە ئاستێکى باش بۆ ئەوەى بگەن بە رێککەوتنى کۆتایی، رێککەوتن لەسەر زۆربەى خاڵەکان کراوە تەنها ماوە واژۆى لەسەر بکرێت".    

1ـی ئەم مانگەش عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی راگەیاند، قەیرانی دارایی ئێستا بەرهەمی رۆژێک نیە و ئەگەر پەرلەمان  پڕۆژەی قەرزی ناوخۆ و دەرەکی پەسەندبکات، راستەوخۆ دابەشکردنی موچە دەستپێدەکات، بەپێچەوانەوە دابەشکردنی موچە دو بۆ سێ هەفتەی دیکە دوادەکەوێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کەمکردنەوەی رێژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەگوێرەی رێککەوتنی "ئۆپیک" یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبونەوەی داهاتی دەوڵەتە و بژاردەکانی دیکەش وەک زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان بەشێوەیەکی خێرا و بەپەلە لەم کاتەدا مەحاڵە.

وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕو، لەئێستادا حکومەتی عێراق 60 بۆ 70 مليار دۆلار قەرزی دەرەکی لەسەرە و نزیکەی 60 تريليۆن ديناریش قەرزی ناوخۆیی کردوە، هاوکاتیش لەگەڵ رەوانەکردنی بودجەی ساڵی 2021، قۆناغی یەکەمی پرۆسەی چاکسازی دەستپێدەکات.

لای خۆیەوە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان لەبارەی موچەی فەرمانبەران ئامادەیی ئەوەی هەیە هەمو جۆرە ئاسانکارییەکی یاسایی بۆ حکومەت بکات، بەئامانجی گەرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەران، بۆ ئەو مەبەستەش راپۆرتی پڕۆژەی قەرز لە لیژنەی دارایی سەرەتای هەفتەی داهاتو ئامادە دەکرێت.

30ـی ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، داهاتەکانی حکومەت لە نەوت، خاڵە سنورییەکان و گومرگ بەشی دابینکردنی موچەی مانگانەی فەرمانبەران ناکات و لەئێستادا حکومەت پارەی پێویستی بۆ دابەشکردنی موچە لەبەردەستدا نیە، بۆیە پێشبینی دەکرێت تا داهاتویەکی نزیک دواکەوتنی موچە بەردەوام بێت و داوایانکردوە پڕۆژەی قەرز لەپەرلەمان لە کەمترین ماوەدا پەسەندبکرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×