ئەمریکییەکان بڕیار لەسەر سەرۆکی داهاتویان دەدەن
  2020-11-03       458       
ئەمڕۆ سێشەممە ئەمریکییەکان لەدەنگدانێكی گشتیدا لەنێوان دۆناڵد تره‌مپ‌، كاندیدی‌ کۆمارییه‌كان‌و جۆو بایدن، كاندیدی‌  دیموکراته‌كاندا سه‌رۆكی‌ داهاتویان هەڵدەبژێرن.

ئاوێنه‌: کاتی دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی تر جیاوازە، بەڵام دەنگدان لەژمارەیەک لەویلایەتەکانی کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکا لەکاتژمێر دوو بەکاتی هەرێم (کاتژمێر شەش بەکاتی ئەمریکا) دەستیپێکرد، هەریەک لەویلایەتەکانی فێرجینیا، نیوجێرسی، نیویۆرک، مایزوری، کەنەکتیکەت، ئیلیانۆی، ئیندیانا، کنتەکی، مەین و لیوزیانا بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە.

هاوکات، لەویلایەتەکانی، فلۆریدا، ویسکۆنسن، پەنسلیڤانیا، میشیگان، ئەریزۆنا و جۆرجینیا کاتژمێر سێ بە کاتی هەرێم (کاتژمێر حەوت بە کاتی ئەمریکا) دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەرووی دەنگدەراندا کرایەوە.

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەمساڵ ژمارەیەکی بێپێشینەی خەڵکی، نزیکەی 100 ملیۆن، لەهەڵبژاردنی پێشوەختدا دەنگی خۆیان بەڕێگای پۆستەوە ناردووە یان لەبنەکەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە دەنگیان داوە.

لەم هەڵبژاردنە 435 ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران و 35 ئەندامی ئەنجومەنی سینات و فەرمانڕەوای 11 ویلایەت و 2 ناوچەی سەر بە ئەمریکا هەڵدەبژێردرێن.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەر چوارساڵ جارێک لەئەمریکا ئەنجامدەدرێت‌و وەکو یاسایەکی دەستوری هەڵبژاردن لەڕۆژی سێشەممەدا ئەنجامدەدرێت. سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت بۆ دوو خولی 4 ساڵی خۆی کاندید بکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×