هۆکاری بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ بڕینی پشکی هەرێم!
  2020-11-13       1092       

دڵشاد ئەنوەر


یەکەم/ بەرهەم ساڵەح لەسەردانەکەی ئەم دوایەدا بۆ هەرێم، پێیوتوون: مەسەلەی بودجە و کێشەکان لەگەڵ بەغدا، بە موعەلەقی مەهێڵنەوە، بێنە بەغدا ڕێککەوتن بکەن و دڵنیایی وەربگرن، با ئەم شەڕی مشک و پشی یە، کۆتایی بێت، بەڵام ئەمان نەیانکرد و پێناچێ ئێستاش ئامادەییان تیا بێ بیکەن.
دووەم/ هەرێم و بەدیاریکراوی حکومەت، حەلبوسی و هادی عامریان بە دۆست زانی، بەهۆی عیلاقەی ئەم دواییەی نێوانیانەوە کە باشبووە، بەڵام حەلبوسی وەزعی خراپە، ئیمزای لە دژ کۆ دەکرێتەوە، هەر بۆیە نەک نەیوێرا دیفاع بکات، بەڵکو دەرفەتیشی قۆستەوە، بەتوندترین شێوە بەرامبەر بەشیر حەداد قسەی کرد، تا فشارەکانی سەری سوک بکات و لای شەقامیش خۆی بسێنێتەوە...هادی عامریش لای شەقام وەزعی خراپە، هەڵبژاردن نزیکە، نەیتوانی هیچ بڵێت، بۆیە لێرەشدا، خوێندنەوەکانی هەرێم وەک هەمیشە، ئەمجارەش کورتی هێنا.
سێ یەم/ هەڵبژاردن نزیکە، شەقام توڕەیە، وەزعی مادی و خزمەتگوزاری لەخوارووی عێراق خراپە، وێنایەک لای خەڵک دروستبووە، هەرێم بارە بەسەر عێراقەوە، پارەی خۆی دەخوات و بەشی ئەوانیش دەبات، ئەم وێنە لای وەجهو چالاکوانە عێراقیەکانیش دروستبووە، ئەوان جاران موتەعاتف بوون لەگەڵ کورد، ئێستا ڕایان زور خراپە، لە دانیشتێکیشدا بە وەفدەکەی هەرێمیان وتووە.
چوارەم/ هەرێم گەر چاکسازی ڕاستەقینە بکات، لەم دۆخەدا نەدەبوو، نە مەلا بەشیر دەیگوت: بیکەن بە خاتر ئەم ڕیشە سپیەم، نە وەفدی تریش دەچووە بەغدا و دەپاڕاوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، داهات ناڕوات بۆ حکومەت، گومرگەکانی سنوری پارتی حیزب و مەسئولەکان دەیبەن، ئەوانەی سنوری یەکێتیش ئەمان دەیبەن...ماوەیەک لەمەوبەر بە دوو بەرپرسی باڵای یەکێتی وترابوو: ئەوەی لەسنورەکان ڕوو دەدات عەیبە، ئەوانیش وتبوویان: ئەی پارتی بۆ بیکات، ئێمە نەیکەین!
پێنجەم/ خاڵێ تریش هەیە، لە ژێر پەردەوە دەگوزەرێ و تا ئێستا باسنەکراوە، بەڵام شیعەکان درکاندوویانە کە لەچەند شتێک توڕەن، یەکەم: فیلمێکی کوردی لەسەر حەشد، بە ئاشکرا وتویانە: گاڵتە بەپیرۆزیەکانمان کراوە، دووەم لە قسەکانی هۆشیار زێباری لەسەر حەشد، سێ یەم: لێدوانەکان لەبارەی ریفراندۆم.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×