رێبوار کەریم نوێترین زانیاری لەبارەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا ئاشكرا ده‌كات
  2020-11-21       467       

رێبوار کەریم، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پرۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەران بۆ سەر حکومەتی فیدڕاڵ ئاراستەی تەشریعی خۆی وەرگرتوە لەڕێی ئەو نوسراوەی بەرزیان كردوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ئاڕاستەی لیژنەی تایبەتمەندی كردوە بۆ تەواوكردنی هەمو رێوشوێنە یاساییەكان.

ئاوێنه‌: بەهۆی ئەو داخوازیە بەردەوامەی فەرمانبەرانی راستەقینەی هەرێمی كوردستان لەهەموو كەرتەكاندا پێشكەشیان كرد، بەتایبەتی مامۆستایانی ناڕازی و زانكۆو پەیمانگاكان و پزیشكان و سەرجەم فەرمانبەرانی دیكە. وە بەهۆی:

یەکەم: بەردەوامی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سەرەڕای بونی چەندین سەرچاوەی داهاتی وەك فرۆشتنی نەوتی هەرێم و گومرك و داهاتی ناوخۆو پارەی بەغداد.

دوەم: گەندەڵی بێشوماری سەرچاوەكانی داهات و تەنانەت ونبونی ئەو پارەیەی كە لە حكومەتی عیراقییەوە دەنێردرێت بۆ هەرێم.

سێیەم: دواخستن و لێبڕینی بەردەوامی موچەی فەرمانبەران چەندین ساڵە بەردەوامە.

چوارەم: خواستی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی موچەكانیان راستەوخۆ لە حكومەتی عیراقەوە.

لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە لە بەرواری (18/6/2020) پرۆژەی (گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر حكومەتی عیراقی فیدراڵ)مان لەڕێی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییەوە لە سلێمانی راگەیاند.

لەم پێناوەشدا، لە بەرواری (27/10/2020) نوسراوێكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كردو خۆشبەختانە تا ئەم ساتە (۱۱۷) ئەندامی بەڕێزی پەرلەمان ئیمزایان لەسەر كردوەو پاڵپشتییەكانیش بەردەوام لە زیادبوندایە.

لەپاڵ ئەمەشدا، توانیمان لەڕێی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و تیمە تایبەتەكانی خۆمانەوە تا ئەم ساتە (157422) واژۆی پشتگیری كۆبكەینەوە بەڕێژەی (61.4%) لە پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و (38.6%) لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بكەم كە واژۆیان لەسەر ئەم پرۆژەیە كردوە بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كارو دەنگی لەسەر بدرێت. بەو پشتگیرییەیان سەلماندیان كە نیشتمانپەروەرن و خەمی هاوڵاتی ئاسایی لایان لەپێش هەموو شتیكەوەیە. هەروەها سوپاس بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیە بەردەوامەكانیان.

دەمانەوێت ئەوەشتان پێ رابگەیەنین كە خۆشبەختانە پرۆژەكە ئاراستەی تەشریعی خۆی وەرگرتوە لەڕێی ئەو نوسراوەی بەرزمان كردۆتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمانیش ئاراستەی لیژنەی تایبەتمەندی كردووە بۆ تەواوكردنی هەموو رێوشوێنە یاساییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×