په‌كه‌كه‌: پێشمەرگەی پارتی بە چەكی قورس و زرێپۆشەوە بەردەوامن لە هاتنە ناوچەكانی گەریلا
  2020-11-22       3465       

فەرماندەیەكی سەربازی پەكەكە دەڵێت، سەرباری ئەوەی هۆشدارییان داوەتە هێزەكانی سەر بە پارتی، بەڵام بەردەوامن لە ناردنی هێز بۆ ئەو ناوچانەی گەریلاکانیانی تێدایە.

باهۆز ئەرداڵ، ئەندامی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی نەپەگە بە میدیاكانی پەکەکەی وتووە، ئەوان لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ نین چونكە شەڕ لە بەرژەوەندی ئاكەپە و مەهەپەدا دەبێت، ئەو 37 بارەگا سەربازییەی دەوڵەتی توركیا كە لە باشووری كوردستان هەیەتی مەترسییە بۆ سەر باشووری كوردستان.

باسی لەوەشکردووە، کە گەریلاکانیان هیچ هێرشێكی بۆ سەر هیچ شوێنێكی پێشمەرگە ئەنجام نەداوە، هەموو گەلی كورد هۆشیار و ئاگادارن بەرامبەر ئەوەی لە ناوچەی بادینان روودەدات.

باهۆز ئەرداڵ دەشڵێت، "هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە پارتی بە چەكی قورس و زرێپۆش و دۆشكەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هێرش هاتنە ناوچەكانی گەریلا، ئەوەش شەڕی لێكەوتەوە، دەبێت لەبارەی ئەو شەڕە و ئەو دۆخەوە گەلەكەمان و رای گشتی راستییەكان بزانێت، دۆخێك نییە كە گەریلا لە بارەگاكانی خۆیان رۆیشتبنە دەرەوە و چووبنە ناوچەكانی پێشمەرگە، یان چووبێتنە شارەكان و شەڕ روویدابێت، هیچ شتێكی لەو شێوەیە نییە".

لەماوەی رابردوودا گرژییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە، زیاتر بوون و سەرەتای ئەم مانگەش شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە لە ناحیەی چەمانکێ لە سنوری‌ ئامێدی‌ روویدا و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە برینداربوون و دواتریش پێشمەرگەیەکیان شه‌هید بوو.

لەلایەكی دیكەوە میدیاكانی پارتی گەریلاكانی پەكەكە بەوە تۆمه‌تبار دەكەن كە بوونەتە هۆی زیادبوونی پشێویەكان بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەكانی توركیا و هەرێم، هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەری ناحییەی كانی ماسی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، ئێستا شەش گوندی سنووری ناحیەی كانی ماسێ بەھۆی ھەبوونی چەكدارانی پەكەكەوە ئاوەدان نەكراونەتەوە و چواردە گوندی دیكەش ھەر چۆڵن.

لە سەرەتای ئەم مانگەشدا، مەسعود بارزانی‌، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "چەکدارانی پەکەکە بەشێک لە ناوچە سنووریەکانیان داگیرکردووە و خۆیان وەک جێگرەوەی حکومەت سەپاندووە و رێگریان لە خەڵک کردووە ماڵ و دێهاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×