رایتس ۆوچ رەخنەی توند لە پڕۆژە یاسای "تاوانە ئەلیكترۆنییەكان"ی عێراق دەگرێت
  2020-11-26       417       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، رەخنەی توند لە پڕۆژە یاسای "تاوانە ئەلیكترۆنییەكان" دەگرێت كە لە ئێستادا لە پەرلەمانی عێراقەو دەڵێت: پڕۆژە یاساكە دژی یاسا نێودەوڵەتییەكان و دەستوری عێراقییەو ئازادی رادەربڕین بەشێوەیەكی مەترسیدار سنوردار دەكات و ئامڕازێكی دیكە دەخاتە بەردەست دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ سەركەوتكردنی ئۆپۆزسیۆن.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە بەیاننامەیەكدا جەختی كردۆتەوە كە پڕۆژە یاسای تاوانە ئەلیكترۆنییەكان دەكرێت بۆ ئاستەنگكردنی ئازادی رادەربڕین بەكاربهێنرێت كە ئەو پرسە خۆی لە ئێستادا لە عێراق روبەڕوی هەڕەشە بۆتەوە.

رۆژی 23ی ئەم مانگە، لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاساكە كراو بڕیاردرا لە 29ی ئەم مانگەدا خوێندنەوەی دوەمی بۆ بكرێت.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە پڕۆژە یاساكە چەند حوكمێكی ناڕون لە خۆدەگرێت كە رێگە بە دەسەڵاتدارانی عێراق دەدات بەشێوەیەكی توند سزای ئەو بۆچونانە بدەن كە پێیاناویە هەڕەشەن لەسەر بەرژەوەندیییە حكومی و كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان.

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو كە زۆرێك لە ماددەكانی پڕۆژە یاساكە سزای بەكارهێنانی كۆمپیوتەرە لە پەیوەست بە كۆمەڵێك چالاكی دیاریكراوەوەو بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەك هەبێت بۆ دانانی ئەو چالاكییانە بە تاوان، ئەو ماددانە دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و دەستوری عێراقین و بەشێوەیەكی مەترسیدار مافی ئازادی رادەربڕین سنوردار دەكەن.

بۆ نمونە، هیومان رایتس ۆوچ، ئاماژەی بە چەند ماددەیەكی نێو پڕۆژە یاساكە كردوە لەوانە ماددەی سێیەم كە باس لە سزادان بە زیندانی هەتاهەتایی یاخود پێبژاردنێك بە بڕی نزیكەی 21 هەزار تا 42 هەزار دۆلاری ئەمریكی دەكات بۆ ئەو كەسانەی كۆمپیوتەرو ئینتەرنێت بەكاردەهێنن بەمەبەستی لێدان لە سەربەخۆیی و یەكێتی و بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئەمنی وڵات یاخود هاوبەشی و گفتوگۆ و گرێبەست و مامەڵەكردن لەگەڵ لایەنێكی دژبەر بەمەبەستی تێكدانی ئاسایشی گشتی و دروستكردنی مەترسی لەسەر وڵات.

رێكخراوەكە هۆشداری داوە كە بەهۆی ناڕونی ماددەكانی یاساكە و بەرفراوانیان و هەروەها توندی سزاكانەوە، دەكرێت دەسەڵاتداران بەكاریان بهێنن بۆ سزادانی رادەربڕینی رەوا بەپاساوی ئەوەی دەبێتە مەرتسی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی حكومەت یا ئایین و یاخود كۆمەڵگە.

جەختیشی كردۆتەوە كە پڕۆژە یاساكە ئامڕازێكی دیكە دەخاتە بەردەست دەسەڵاتداران بۆ سەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆن.

هەروەك بەبڕوای هیومان رایتس ۆوچ پڕۆژە یاساكە سزای بۆ "پڕوپاگەندەكردن بۆ تیرۆر" داناوە بەبێ ئەوەی پێناسەی كردەوە تیرۆریستییەكان بكات و رونیبكاتەوە كە مەبەستی لە "پڕوپاگەندە" چییە؟ 

ئەوەشی خستۆتەڕو"دەرفەت لەبەردەم ئەم پەرلەمانە هەیە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت بۆ چاككردنی مافی عێراقییەكان، بەڵام لەبری ئەوە پێدەچێت ئامادەی بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بێت بۆ ریگەدان بە حكومەت تا ئامڕازی زیاتر بۆ سەركەوتكردنی ئازادی رادەربڕین بەكاربهێنێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×