راپۆرتی لیژنه‌ی دانوستانكارى هه‌رێم له‌گه‌ڵ بەغدا گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی كوردستان
  2020-12-03       313       

پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەو راپۆرتە "تێروتەسەل"ەی وەفدی دانوستانكاری هەرێمیان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە پرسی نەوت و داهاتو دەروازە سنورییەكان و شایستە داراییەكانی هەرێم، بەدەست گەیشتوە كە لە کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستاندا بڕیاردرا بخرێتە بەردەم پەرلەمان و دەقی راپۆرتەكەشی بڵاوكردۆتەوە.

ئاوێنە: پێگەی رەسمی پەرلەمانی كوردستان بڵاویكردۆتەوە كە دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ى رۆژى 2020/11/15ى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم، كه ‌تیایدا بڕیاردرا شاندی دانوستانكارى هه‌رێم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق سه‌باره‌ت به‌پرسی نه‌وت و داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم، به‌‌ڕاپۆرتێكی "تێروته‌سه‌ل" كه ‌تیایدا "به‌وردى و به‌به‌ڵگه‌وه"‌ په‌رله‌مانی كوردستان و رای گشتی له‌ده‌رئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالیی عێراق ئاگاداربكه‌نه‌وه ، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌، راپۆرتی لیژنه‌ی دانوستانكار گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

ئەوەشی خستۆتەڕو، كە دواتر راپۆرتەكە ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ‌سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌كرێت.

پەرلەمانی كوردستان دەقی راپۆرتەكەی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا ئاماژە بەوەدراوە، بەپێی رێککەوتنی وەفدەكە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق "پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە بری 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێرت وەک بەشێک لە خەرجییەکانی هەرێم و ئەم بڕە پارەیەش لەسەر بنەمای هاوکێشەیەکی ژمێریاریی دەستنیشانکراوە کە بریتییە لە خەمڵاندنی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەو داهاتە نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن و داهاتەکانی دیکەی هەرێم، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە حکومەتی فیدراڵ بڕی هەمو داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی بە داهاتی نەوتی و داهاتەکانی دیکەی، لە شایستە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بڕیوە".

پێشتر وا راگەیێندرا کە ناردنی 320 ملیار دینارەکە بۆ ماوەی سێ مانگە، لە راپۆرتەکەی حکومەتدا بۆ پەرلەمان ئاماژە بەو وادەی بەردەوامیی ناردنی پارەکە نەکراوە. وتوشیەتی"ئەو بڕەپارەیە لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان هەژمارکراوە بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.16% بو. "

لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتەکەدا هاتوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر دید و هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە پشت بە حوکمەکانی دەستور ببەستێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتەكەدا جەختی لەسەر ئەم خاڵانە كردۆتەوە:  

یەکەم: رادەستکردنی ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت هاتوەتە بەردەست بە پێی ئەو میکانیزمیە لە کۆبونەوەکانی پێشو رێککەوتنی لەسەرکراوە.

دوەم: دەرچواندنی یاساکانی نەوت و گازی فیدراڵی، دابەشکردنی داهات، کۆمپانیانی نەوتی نیشتمانی، کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت بە گوێرەی دەستور.

سێیەم: رادەستکردنی داهاتی دەروازە سنورییەکان بەو رێژەیەی لە یاساکە بڕیاری لەسەردراوە.

چوارەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لارییەکی نییە لەبارەی بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە پێی ماددەی 114ی دەستور.

پێنجەم: پێویستە لە قەرزی وەرگیراو پشکی هەرێمی کوردستان هەبێت، چونکە لە قەرزی سیادییەوە دەدرێنەوە کە بودجەی گشتی دیاری دەکات و هەرێمی کوردستانیش تیایدا لە داهاتەکان بەشدارە.

بۆ بینینی دەقی راپۆرتەكە لێرە كلیك بكە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×