رایتس ۆوچ داوا لە ئێران دەكات پڕۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان پەسەندبكات
  2020-12-05       435       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند، پێویستە لەسەر ئێران كێشە گەورەكانی نێو پڕۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، چارەسەربكات و كە پڕۆژە یاساكە پارێزگارییەكی سنوردار بۆ ئەو كەسانە دەستەبەردەكات كە لە توندوتیژی خێزانی رزگاریان بوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتێكدا داواشی كردوە كە دوای چارەسەركردنی كێشە دیارەكانی نێو پڕۆژە یاساكە، پڕۆژەكە بخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە تەنیا لەماوەی ساڵی رابردودا، چەندین حاڵەتی توندوتیژی دژبە ژنان لە ئێران بڵاوكراونەتەوە كە لەسەر ئاستی نیشتمانی رای گشتی توڕە كردوە.

هەروەك داواشی كردوە كە دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو یاسایانە هەڵوەشێننەوە كە جیاكاری رەگەزییان تێدایەو ژنان روبەڕوی توندوتیژی خێزانی دەكەنەوە.

بەپێی راپۆرتەكە 16 ساڵە چالاكوانانی مافەكانی ژنان لە ئێران بۆ دەركردنی ئەو یاسایە، چالاكی جۆراو جۆر ئەنجامدەدەن و حكومەتی سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن رۆحانی-ش لە هەڵبژاردنی 2013دا خەریكی كاركردن لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە.

بەپێی راپرسییەكی نیشتمانی لە ساڵی 2004دا لەسەدا 66ی ژنانی مێرددار لە ئێران ئاماژەیان بەوەداوە كە روبەڕوی توندوتیژیی خێزانی بونەتەوەو لەسەدا 30یان هێمایان بۆ ئەوە كردوە كە توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر كراوەو لەسەدا 10یشیان وتویانە، روبەڕوی توندوتیژییەكی خێزانی بونەتەوە كە بۆتە هۆی زیانگەیاندنی درێژخایەن پێیان.

هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە كە پڕۆژە یاساكە چەند بڕگەیەكی ئەرێنی تیدان بەڵام وێڕای ئەوەش لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكاندا نایەوە بەهۆی ئەوەی كێشەی گەورەی تێدان لەوانەی روبەڕوی توندوتیژییەكان وەك هاوسەرگیری منداڵان و دەستدرێژیكردنە سەر ژن نابێتەوەو توندوتیژی خێزانی پێناسەناكات و هیچ كاریگەرییەكیشی لەسەر هەندێك یاسا كە جیاكاری دەكەن لەنێوان ژن و پیاودا لەوانە یاسای باری كەسێتی، نییە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×