نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە عێراق دەكات رێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ كەشوهەوا
  2020-12-14       541       
نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە عێراق دەكات رێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ كەشوهەوا، چونكە لەو وڵاتانەیە زۆرترین كاریگەری لەسەر دروستبووە بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا.

ئاوێنە: نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق یۆنامی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، عێراق لەو وڵاتانەیە زۆرترین كاریگەری لەسەر دروستبووە بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا لە جیهاندا، لەوێ پێویستە رێوشوێنی خێرا بگیرێنەبەر بۆ پارێزگاری لە ژینگە بۆ نەوەكانی داهاتوو.

ئەم لێدوانەی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاتە لەگەڵ كۆنگرەی خواستی كەشوهەوا بۆ ساڵوەگەڕی رێككەوتنی پاریس.

عێراق روبەڕوی هەڕەشەی كەشوهەوا بووەتەوە، لەوانە كەمی ئاوو بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما.

عێراق لە مانگی ئەیلولی رابردوو بڕیاری دا بچێتە پاڵ رێككەوتنی پاریس و كۆمەڵێك بڕیاریشی بۆ كەشوهەوا و ژینگە دەركردووە.

زیاتر لە 190 وڵات لە رێككەوتنی پاریس بەڵێنیان داوە چالاكییەكانیان كەمبكەنەوە كە دەبنەهۆی زیاتر گەرمبوونی زەوی.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 2020 زیاتر لە 15000 حاڵەتی ئاوارەبوون و كۆچكردن لە زیقار و میسان و بەسرە تۆماركراون بەهۆی كەمی ئاوەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لەسەرجەم وڵاتان كردووە باری نائاسایی كەشوهەوا رابگەیەنن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×