عێراق: لەنێو خاكی سوریاوە هێرشی مەترسیدار كراوەتە سەر سنورەكانمان لەناوچەی سحێلا
  2020-12-16       605       

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، تاوتوێی ئەو "دەستدرێژییە مەترسیدارە"یان كردوە كە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە لەنێو خاكی سوریاوە كراوەتە سەر سنورەكانی عێراق لەناوچەی سحێلا-فیشخابور و وێڕای ستایشی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربونەوەی هێرشەكە، دەڵێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی داوە رێكاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر لەڕێگەی كەناڵە دیپلۆماتییەكانەوە بۆ رێگریكردن لە دوبارەبونەوەی ئەو "پێشێلكارییانە."

ئاوێنە: پێشتر بریکاری وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردو ژمارەیەک ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەسنوری سحێلا ویستویانە سنوری سوریا تێپەڕێنن، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە رێگریان لێکراوە و بەوهۆیەش گرژی و ئاڵۆزی دروستبوە.

بەڵام دوابەدوای ئەوە سەرچاوەیەكی باڵای یەپەگە بە میدیاكانی نزیك لە یەپەگەی ڕاگەیاند، تۆمەتەكانی سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە بەدرۆ دەخەینەوە و ئەو قسانە دورن لە ڕاستییەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی كۆبۆتەوە كە یەكێك لە تەوەرەكانی تاوتوێكردنی ئەو "دەستدرێژییە مەترسیدارە" بوە كە كراوەتە سەر سنوری عێراق لە ناوچەی سحێلا-فیشخابو.

لە بەیاننامەكەدا هاتوە"ئەنجومەنەكە تاوتوێی ئەو دەستدرێژییە مەترسیدارەی كردوە كە كراوەتە سەر سنورەكانمان لە ناوچەی سحێلا-فیشخابور كە گروپە چەكدارەكان لەناو خاكی سوریاوە بۆردومانی سنورەكانمان و چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پاسەوانی هەرێمی كوردستان، پێشمەرگەو هێزەكانی سنوری عێراقییان كردوە، بە ئامانجی هاتنە ناوەوە هێنانی كۆمەڵێك كەس و چەك."

هەروەك لە بەیاننامەكەدا هاتوە"ئەنجومەنەكە بەرەنگاربونەوەی دلێرانەی پێشمەرگەی بە پشتیوانی هێزە چەكدارە فیدراڵییەكان بۆ ئەو هەوڵانە بەرز نرخاند."

ئاماژەی بەوەشداوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی دا كە هەمو رێكارێكی یاسایی پێویست لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەو كەناڵە دیپلۆماتییەكانەوە بگیرێتەبەر بۆ رێگرتن لە دوبارەبونەوەی ئەو "پێشێلكارییانە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×